بەشی نێودەوڵەتی: پاش ڕووخانی دەوڵەتی بەسار ئەسەد و هاتنە سەرکاری دەوڵەتی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع مشتومڕەکان لەبارەی داهاتووی پێکهاتەی دەسەڵاتی سووریا بۆتە گرینگترین پرس و ڕۆژەڤی سیاسیی ئەو وڵاتە. لە لایەکەوە بەرپرسانی دەوڵەتی کاتی دیمەشق ڕەوتە نزیکەکان لە تەحریرولشام جەخت لە دەسەڵاتێکی ناوەندخوازانە دەکەن و لەولاوە گرووپگەلێکی ئیتنیکی و مەزهەبی و خۆجیی وەک کورد و درۆزی پێداگرن لە سیستەمێکی لامەرکەزی.
نیو سەدە ناوەندخوازی
لە سەردەمی حافز ئەسەدەوە لە دەیەی 1970 تا ڕووخانی بەشار لە 2024دا، سووریا بە مۆدێلێکی گرژی ناوەندخوازانە ئیدارە کراوە و هەموو بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان لە دیمەشق دەگیرا و ئەنجومەنە خۆجێیەکان ڕۆڵێکی فۆڕماڵیان هەبووە. هەر ئەم پێکهاتە داخراوە، وێڕای گەندەڵی و بێبەشبوونی ناوچەکان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە 2011 بوو.
بنچینە مێژووییەکانی لامەرکەزی
ئەزموونی مێژوویی سووریا نیشان دەدا کە لامەرکەزییەت ئایدیایەکی نوێ نییە و لە دەستووری 1920دا و تەنانەت لە دابەشکارییەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی فەڕەنسادا شایەدی نمونەگەلێک لە سیستەمی ئیدارەی خۆجێی و ئۆتۆنۆمیی نیوەچڵ لەو وڵاتەداین. لە میانەی شەڕی ناوخۆییشدا ئەنجومەنگەلێکی خۆجێی وەک "ئیدارەی خۆسەری کوردی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" سەلماندیان کە پێکلهاتە خۆجێیەکانی سووریا توانای ئیدارەی خۆیان هەیە.
کوردەکان لە بەرەی پێشەوەی داواکاری
کوردەکان لە نزیکەی لەسەدا 15ی حەشیمەتی سووریا پێکدەهێنن، گرینگترین لایەنگرانی لامەرکەزییەتن. ئەزموونی زیاتر لە یەک دەیە خۆبەڕیوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نمانەیەکی لە حکوومەتی هاوبەشانە و فرەئیتنیکی ئاراستە کردووە؛ لە سیستەمی هاوسەرۆکی ژن و پیاوەوە بگرە تا ڕاهێنان بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سوریانی. بە باوەڕی نوێنەرانی کورد، ئاوەها مۆدێلێک دەتوانێ لە سەرتاسەری سووریادا گشتگیر بێت و ببێتە ئاستەنگێک لە بەردەم سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆری.
دۆزی کەمینەکان و نیگەرانیان
پاش ڕووخانی ئەسەد، درۆزی و بەشێک لە عەلەوییەکانیش خوازیاری ئۆتۆنۆمیی خۆجێی بوون؛ دۆزێک کە پەیوەستە بە شەپۆلێک لە نائەمنی و نیگەرانیی کەمینەکان لە بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕەوتە ئیسلامخوازەکان لە دیمەشقدا. بەوەشەوە، دژبەرانی لامەرکەزی هوشدار دەدەن کە ئەو بوارە دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ دابەشبوونی سووریا لە داهاتوودا.
دەرفەتێک بۆ چوارچێوەیەکی هاوتەریب
لایەنگرانی لامەرکەزی جەخت لەوە دەکەن کە ڕادەستکرانی بەشێک لە دەسەڵاتی ئیداری، ماڵی و سیاسی بە ئەنجومەن هەڵبژاردە خۆجێیەکان، نەک هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی نیشتمانی نییە، بەڵکوو دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ وەڵامدەری و دابەشکاریی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان. لەو مۆدێلەدا، دەوڵەتی ناوەندی هێشتاش بە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی، بەرگری نیشتمانی و ئیدارەی باڵای ئابووریی دەمێنێتەوە.
ڕۆڵی ئەمریکا و ئەکتەرانی ناوچەیی
ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لە دژی سووریا، دەرفەتێکی لەباری بۆ کاریگەریدانان لە سەر سیستەمی نوێی سووریادا هەیە و کارناسان لایان وایە کە واشنتۆن دەبێ پەیجۆری مۆدێلی سیاسیی لامەرکەزیگەری وەک بەشێک لە ستراتژیی دیپلۆماتیکی و سەقامگیریی خۆی لە سووریا بێت. لە بەرامبەردا تورکیا دژی هەر جۆرە پێکهاتەیەکی لامەرکەزییانەیە؛ دژایەتییەک کە زۆر بە هۆی نیگەرانیی لە پەرەسەندنی مۆدێلی خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان بۆ ناوخۆی سنوورەکانی خۆیەتی.
Your Comment