بەشی نێودەوڵەتی: کوردەکانی سووریا کە لە شەڕی دژی داعش بە هاوپەیمانی گرینگی ڕۆژئاوا دەهاتنە ئەژمار، ئێستاکە گوشاری ئەمریکا و ڕۆژئاوایان لە سەرە بۆ ئاوێتەبوون لە دەوڵەتی نوێی سووریا بە سەرکردەیی ئەحمەد شەرع؛ دەوڵەتێک بە هێزی ملیشیای توندڕەو و جیهادی کە دەستی باڵایان بوو لە خەمڵاندنی جەنایەت و کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان لە مارچی 2025 و هێرش بۆ سەر درۆزییەکانی سوەیدا لە جووڵای 2025دا.
لەمناوەدا بڕیاری ئەمریکا بۆ دەسپێکردنی ڕەوتی کشانەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئایپرێلی 2025 کە بە واتای کەمکردنەوە و کۆتایی داکۆکیی واشنتۆن لە کوردەکانە، دەتوانێ تەنیا یەک تەعبیری هەبێت؛ قوربانیکردنی هاوپەیمانێکی بەئەمەگ لە بەرامبەر مەیلی ئاشتبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتێکی سوننە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا. ئەگەرچی ئەو هەڵوێستە ڕەنگە بە مەبەستی سەقامگیریی ناوچە و کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازی پاساو بدرێت، بەڵام چاوپۆشی لە هاوپەیمانێکی گرینگ و ستراتژیکی وەک کوردەکان و ڕۆڵی دژەتەکفیری و دژەجیهادیان، دەتوانێ لە داهاتوودا پاشهاتی قورسی بەدواوە بێت.
لە ڕێککەوتنی مارچی 2025 لە نێوان کورد و دیمەشق، ململانێی نێوان حکوومەتی نوێی سووریا و کوردەکان بۆ چەسپاندنی مۆدێلی سیاسیی ناوەندخوازانە یان لامەرکەزییەت بۆتە پرسێکی چارەسەرنەبوو. هاوکات دەستێوەردانی تورکیا وەک گرینگترین هاوپەیمان و پاڵپشتی سەربازیی شەرع و دوژمنی کوردەکانی سووریا، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
بۆیە پێدەچێ بڕیاری ئەمریکا بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕژیمی شەرع و کەمکردنەوەی پاڵپشتیی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) پشتئەستوورە بە گریمانەیەکی ساویلکانە و مەترسیداری بەخۆداچوونەوە ڕاستەقینە و ڕێفۆڕمگەری لە ڕژیمی شەرعدا. بەڵام ڕۆژئاوا بە پێداچوونەوە بە چوارچێوەی "سووریای یەکپارچە" و گرتنەبەری سیاسەتی پاراستنی ستراتژیکی کوردی سووریا، دەتوانێ هاوکاتی هێشتنەوەی مەتەرێزێکی گرینگ لە بەرامبەر ئەکتەرانی دژبەری، بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی لە ناوچەیەکدا کە تاقە سەقامگیریی، ناسەقامگیرییەتی، بپارێزێت.
کوردەکان وەک هێزێکی ستراتژیکی دژەجیهادی
بۆ نزیکەی یەک دەیەیە کە کوردەکانی سووریا لە ڕێگەی هەسەدەوە بوونەتە جێمتمانەترین و کاراترین هاوبەشی ڕۆژئاوا –بەتایبەت ئەمریکا- بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بە پاڵپشتیی ئەمریکا، شەڕێکی درێژخایەنی زەوینیان لە دژی گرووپە تەکفیرییەکان بووە، هەتا لە مارچی 2019دا گەیشتە ئەنجامی تێکشکاندنی داعش.
هاوکات هەسەدە و باڵی سیاسیی، واتە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوورنوێنێکیان لە سووریایەکی سکۆلار، دیموکراتیک و فیدراڵ داڕشتووە کە تەواو بەپێچەوانەی ئایدیۆلۆژیگەلی جۆراوجۆری جیهادی سوننە لە سووریایە؛ ئایدیۆلۆژیگەلێک کە هەر ئێستاش بەشێکیان ئاوێتەی ئەرتەشی سووریان.
بەوەشەوە، پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردەکانی سووریا بەردەوام بەپێوەری تاکتیکی و نەک ستراتژی بووە کە تەنیا چاوی لە ئامانجێکی خێرای وەک تێکشکاندنی داعش بووە و کشانەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوایی و وەرسووڕانی دیپلۆماتیک بەرەو دیمەشق، نیشانی دا کە ئەو هاوکارییە تاکتیکییە هەرگیز نەبۆتە پابەندییەکی ستراتژیک و پاوەجێ.
پێگەی ستراتژیکی کوردی سووریا؛ باڵ و ناوچەیەکی لەمپەر
ناوچەی بندەستی کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناوچەیەکی ستراتژیکە کە هاوکاتی بەهرەمەندی لە سەرچاوەگەلی دەوڵەمەندی نەوت و گاز لە پارێزگای دیرەزور، خاوەن توانای سەربازییەکی بەهێزی وەک هەسەدەیە و بەو هۆیە وەک دیوار و ناوچەیەک لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیای تەکفیری و جیهادی دەرکەوتووە. بەڵام بە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لەو ناوچەیە و هاندانی کوردەکان بۆ ئاوێتەبوون لە حکوومەتی دیمەشق، ئەمریکا پێگەی خۆی لەو ناوچەیە ڕادەستی حکوومەتێک دەکا کە بنەمای ئایدیۆلۆژیکی و هەڵسوکەوتەکانی جێی گومانن و ئەگەری ئەوەی هیە کە پاش بەهرەمەندی لە سەرچاوەگەلی دەوڵەمەندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کاکڵەی جیهادیی ببووژێنێتەوە و لە دژی ڕۆژئاوا ڕاپەڕێتەوە.
ڕێککەوتنی 10ی مارچ؛ ڕێککەوتنێکی پڕ کێشە
لە 10ی مارچدا هەسەدە و حکوومەتی شەرع ڕێککەوتنیکی گرینگیان بۆ یەکڕیزی نیشتمانی واژۆ کرد، بەڵام ڕووداوەکانی پاش ئەو ڕێککەوتنە نیشان دەدا کە ئەو ڕەوتە زیاتر بە ئاراستەی نامتمانەیی و ململانیی زیاتردا چووە تا پێشکەوتنی ڕاستەقینە:
ـ 10ی مارچی 2025: واژۆی ڕێککەوتننامە.
ـ 4ی ئایپرێلی 2025: یەکەم هەنگاوەکانی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتننامە و گوڕینەوەی زیندانییەکان و کشانەوەی نیوەچڵی هەسەدە کە هەندێک گەڕەک و ناوچەی حەلەب.
ـ 13ی مەی 2025: هەسەدە بەپێچەوانەی ڕێککەوتن، هێزێکی بەربڵاوی ڕەوانەی دیرەزور دەکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی پاش کشانەوەی بەربڵاوی هێزەکانی ئەمریکا.
18ی جوونی 2025: ئەمریکا لە دوو بنکەی تر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکشێتەوە و مەزلووم کۆبانی فەرماندەی هەسەدە هەمبەر بە سەرهەڵدانەوەی داعش هوشدار دەدا.
ـ 14ی جووڵای 2025: عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە ڕایگەیاند کە هەسەدە نابێ چەک دانێت.
ـ 26ی جووڵای 2025: هەسەدە هەندێک دامودەزگای ناسەربازیی ڕادەستی دیمەشق کرد و بەوەشەوە ڕایگەیاند کە نایەوێ پێکهاتەی سەربازی و ئیدارەی خۆسەری هەڵوەشێنێتەوە.
ـ 2ی ئەگێستی 2025: شەڕی نێوان هەسەدە و ئەرتەشی سووریا لە نزیکی مەنبەج.
ـ سەرەتای سێپتامبێری 2025: بەڕیوەچوونی دیدارەکان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و ڕێککەوتن بۆ وەستاندنی ناردنی هێز و پێکهێنانی کۆمیتەی هاوبەش. هاوکات دیداری مەزلووم کۆبانی لەگەڵ فەرماندەی سێنتکامی ئەمریکا و بەڵێنیی وەرگرتنی یارمەتییەکان.
بەوجۆرە کێشەی بنەمایی ئەو ڕێککەوتنە لە چۆنیەتی پێناسە و لێکدانەوەی لایەنەکان لە چەمکی "ئاوێتەبوون"ـه. بۆ حکوومەتی شەرع، ئاوێتەبوون واتە چەکدانان و بۆ هەسەدە، واتە ئاوێتەبوونی دیموکراتیک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵ.
هوکارێک بە ناوی تورکیا
پێداگریی تورکیا لە ناساندنی هەسەدە وەک لقێکی پەکەکە و دامودەزگایەکی تیرۆریستی، وێڕای پاڵپشتیی سەربازی و سیاسیی لە دەوڵەتی دیمەشق، ئەنقەرەی کردۆتە ئەکتەرێکی گرینگ لە باکووی سووریا؛ ئەکتەرێک کە بوونی ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمیک و خۆسەر لە نزیکی سنوورەکانی خۆی بە هەڕەشەیەک بۆ یەکگرتوویی ناوخۆیی وڵاتی خۆی دەزانێت و حازر بە دانوستان لەبارەیەو نییە و ئەمەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی "هەڵاتنی ئازادی" و "مەنبەج"دا بۆ سەر کوردەکانی سووریا سەلماندووە.
لە لایەکی ترەوە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، سووریا بە بەستێنێک بۆ وەدیهێنانی دوورنوێنی نیۆعوسمانیی و ئیسلامگەرانەی خۆی دەزانێت و کوردەکانی وەک ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم ئەو خەونەیدا دەبینێت.
مۆدێلی ئیسرائیلی
سیاسەتی ئیسرائیل هەمبەر بە کەمینەی درۆزی لە باشووری سووریا نمانە و مۆدێلێکی پراگتیکییە بۆ سیاسەتی ئەمریکا هەمبەر بە کوردەکان؛ ئەگەرچی چەتوونە ئەمریکا بەو ڕێبازدا بڕوات. کاتێک هێزەکانی شەرع لە جووڵای 2025دا کۆمەڵکوژیی درۆزییەکانیان لە سوەیدا دەست پێکرد، ئیسرائیل خێرا هێرشگەلێکی ئاسمانی و درۆنیی لە دژی ناوەندە فەرماندەییەکانی ئەرتەشی سووریا و کۆشکی سەرۆک کۆماری لە دیمەشق دەستپێکرد و بەمجۆرە تلاڤیڤ وێڕای پشتگوێخستنی بانگهێشتی بەدانبەخۆداگرتنی ڕۆژاوایی، دوکتۆریەنێکی نوێی ئەمنیی بەپێی پێشگری لە بەدەسەڵاتگەیشتنی هێزە دژبەرەکان لە نزیکی سنوورەکانی و بەرگری پێشدەستانە لە کەمینە ناجیهادییەکانی لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندێکی دژبەر گرتبەبەر.
ئەنجام
هەڵبەت لە بیرمان نەچێت، کوردەکانی سووریا تایبەتمەندییەکی هاوبەشی زۆریان لەگەڵ درۆزییەکان هەیە: کەمینەیەکی سکۆلار و ناجیهادی بە شوناسێکی جیاواز. هاوپەیمانانێکی جێی متمانە بۆ ڕۆژئاوا و خاوەن پێگەیەکی سەرزەوینیی ستراتژیک بۆ ئاستەنگنانەوە لە بەردەم دوژمنانی جیهادی و زێدەخواز. کەمینەیەک کە هەر ئێستا بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی هاوشێوەی درۆزییەکان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشقن.
هەر بۆیە پێویستە ڕۆژئاوا دوکتۆریەنێکی ئەمنیی نوێ بۆ هەڵوەشانەوەی گریمانەی مۆدێلی "سووریای یەکپارچە" پێناسە بکات کە ئامانجی پاراستنی ستراتژیکی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری کوردی و دەستەبەرکردنی توانای سەربازییان بۆ ڕۆڵگێڕان لەو ناوچەیە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش و حکوومەتی جیهادی پەنگراوی شەرع بێت. ئەم بابەتە ئەگەری گوشار بۆ سەر دەوڵەتی نوێی دیمەشق و پاڵپشتانی دەڕەخسێنێت و قورساییەکی هاوسەنگ لە بەرامبەر وڵاتێکی پەنگراودا دەهێڵێتەوە.
Your Comment