سەید عەباس عێراقچی، لە لێدوانێکدا تایبەتیدا وتی: کاتێ شەهید هەنیە تیرۆر کرا، هێشتا وەزیرانی دەوڵەت دیاری نەکرابوون و منیش وەک بژێرەی وەزیری دەرەوە وێڕای سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێوارەکەی میوانی ڕێبەری باڵای ئێران بووین. لەو دانیشتەندا هەمووان لە سەر ئەو ڕایەبوون کە دەبێ ئەو تیرۆرە وەڵام بدرێتەوە، بەلام سەبارەت بە کات و چۆنیەتی وەڵامدانەوە، هاوڕانەبوون. بە تایبەت لەمناوە فەرماندە سەربازییەکان جەختیان لەوە دەکرد کە وەڵامدانەوە دەبێ کاتێک بێت کە دڵنیابین پاش هێرشەکە، دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین.
وتیشی: کاتێک باسی بەڵێنی ڕاستیی 3 هاتە ئاراوە، لە دانیشتنێکدا هاوڕێیەک ڕەخنەی لە سەرۆک کۆمار گرت کە بۆ دژی بەڵینی ڕاستی 3ـیە و لە بیرمە سەردار شەهید باقری بە توندی بەرهەڵستی ئەو هاوڕییە بۆوە و پێی وت، بۆ ئەو قسانە دەکەی، من بەرپرسی بەرگری لە وڵاتم و کاتێک ئەرخەیان بووم کە دەتوانم لە بەرامبەر پاشهاتەکانی هێرشی بەڵینی ڕاستی 3، بەرگری لە وڵاتەکەم بکەم، ئەو کارە دەکەم.
وردەکارییە نوێیەکانی ئاگربڕی ئێران و ئیسرائیل
وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند: ئاگربڕ بەر لەوەی ڕاگەیێندرێت، لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا پەسند کرابوو کە ئەگەر دوژمن داوای ئاگربڕی بێمەرجی کرد، قبووڵی دەکەین و ئەوە بڕیارێکی تەواو هوشیارانە و بەهێز بوو. هەڵبەت هەموو پەسندکراوەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بە پشتڕاستکردنەوەی ڕێبەری باڵا ڕادەگەیێندرێت. کاتژمێری 1ی نیوەشەو پەیوەندییان گرت کە لە کاتژمێری 4ی سەر لە بەیانی ڕژیمی زایۆنی ئامادەیە هێرشەکانی بوەستێنێ. من ئەو بابەتەم لەگەڵ فەرماندەی سپا و چەن جێگەی تردا هەڵسەنگاند و ڕامانگەیاند کە ئاگربڕ و وەستانی شەڕمان قبووڵ نییە و تەنیا وتمان ئەگەر هێرش نەکەن، ئێمەش هێرش ناکەین.
ناکۆکی لە تێگەیشتنی کاتی ئاگربڕی ئێران و ئیسرائیل
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە: خراپ تێگەیشتنێک لە نێوان من و هێزی چەکداری هاتەدی؛ هاوڕێیان پێیانوابوو کە تا کاتژمێری 4 بە کاتی گرینوویچ (کاتژمێر 7:30 بە کاتی تاران) درێژە بە هێرشەکان دژی ئیسرائیل دەدەین. بۆیە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ئاگربڕە ڕژیمی زایۆنی ئیدعای کرد کە ئێران مووشەکی هاویشتووە و ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە و فرۆکە جەنگییەکانی بۆ پەلاماردان ڕەوانەی ئاسمانی ئێران کرد. من هەر ئەو کاتە پەیامم بۆ ویتکاف نارد کە ئیسرائیل بەدوای بیانووگرتنە و ئێران بە پێشێلکاری تاوانبار دەکات، لە کاتێکدا هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بۆیە ئەگەر هێرش بکەن، ئێمە خێراتر و توندتر وەڵامیان دەدەینەوە و ئێران لوبنان نییە. ئیتر وابوو کە ترامپ خێرای تویتی بۆ گەڕانەوەی فرۆکەوانەکان لێدا و پێشی بە ئیسرائیل گرت و ئەوە نیشاندەری دەستهەبوونی ئەمریکا لەو شەڕەدا بوو.
ئێمە لە دانوستانەکاندا هەڵفریواین؟!
عێراقچی ڕاشیگەیاند: ناکڕی بڵێین وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دانوستانەکاندا هەڵفڕیوا، چونکە بڕیاری دانوستان، بڕیاری وڵاتە و کاری وەزیری دەرەوە ڕاپەڕاندنی فەرمانی بەڕێوەبەریی نیزامە. ئێمە لە دانوستانەکاندا زیانمان نەکرد، بەڵکوو قازانجی زۆرمان دی. ئەوەی کە راستگۆیی ئێمە لای خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەلمێندرا و کەس ناتوانێ بڵێ، ئەگەر دانوستان نەکرابا، شەڕ نەدەبوو. بەڵکوو شەڕ دەبوو و زووتریش دەبوو. ئەوەی کە دیتان خەڵکی یەکگرتوو و توند لە پشت نیزام وەستان، بەو هۆیە بوو کە دیتیان نیزام هەموو کارێکی بۆ کردوون و کەمکاری نەکردووە، بۆوەی شەڕ نەبێ. لۆژیکی ئێمە دروستە و نیشانەکەشی پاڵپشتیی 120 وڵات لە ئێران و ئیدانەی هێرش بۆ سەر ئێران بوو.
دەوڵەت لە ساڵی ڕابردووەوە ئارایشتی جەنگی بوو
وەزیری دەرەوە جەختی کرد: دوای تیرۆری شەهید هەنیە و ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستی 2 و ڕووخانی ڕووشیا و هاتنە سەرکاری ترامپ، هێزی چەکداریی ئێمە ئارایشت و ئامادەیی جەنگی بوو و هاوکات سیاسەتی دەرەوەشمان چالاک بوو و بە دیپلۆماسیی ترساندنی ناوچە هەمبەر بە جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی، پێشی شەڕێکی هەمەلایەنەمان گرت. ئینجا ئێمە بۆ ئوەی پێش بە شەڕ و هەڕەشەی ڕژیمی زایۆنی بگرین، 17 سەفەری ناوچەییم بوو و ئەو پەیامەم بە هەموو وڵاتان گەیاند کە ئەگەر شەڕێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕوو بدات، تەنیا بەو دوو وڵاتە نابەسترێتەوە. پێم دەوتن، ڕەنگە مووشەکەکانی ئێمە نەگاتە ئەمریکا، بەڵام بنکەکانی ئەمریکا لە زۆربەی وڵاتانی ئێوەیە و ئێمە ناچار دەبین لە ئەگەری پاڵپشتیی واشنتۆن لە ئیسرائیل، بیانکەینە ئامانج.
پلانی تیرۆری وەزیری دەرەوە لە شەڕی 12 ڕۆژە
ناوبراو ئاشکرای کرد: ڕژیمی زایۆنی پەیوەندیی بە منەوە نەگرت، بەڵام لە شوێنی نیشتەجێیمدا هەوڵی بومبدانەری کرابوو، کە هۆکارەکانی گیران و لە ماوەی شەڕدا، لە کاتی هاتوچۆماندا، بەردەوام درۆنێک بە سەر سەرمانەوەبوو.
هیواکان بە ئاکامداربوونی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا
عێراقچی وتی: لۆژیکی بەرجام ئەوە بوو کە خۆی سەبارەت بە پلانی ئەتۆمی متمانەسازی بکات و ماوەیەکی زەماندار قبووڵ بکات. کاتێ ترامپ ئارەزووی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێمە ڕاگەیاند، ئێمەش ئامادەییمان دەربڕی؛ بە هەمان لۆژیکێک کە ئێمە بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نین. ئەوان کاتێ دیتیان ئێران لە دانوستانەکانیدا کەم نایێنێت، پەنایان بردە بەر بژێرەی سەربازی.
بۆ سەرەڕای دژایەتی ڕێبەری دانوستان کرا؟
وەزیری دەرەوە ئاشکراشی کرد: ئەمریکاییەکان سیاسەتی گوشاری لانیزۆرییان ئەنجام دا و بە هێنانی هێزی سەربازی بۆ ناوچە هەڕەشەیان دەکرد و پاشان ترامپ نامەی نووسی کە یەک بژێرە: یان شەڕ یان دانوستان. ترامپ بەو پێشنیارە ئێمە خستبووە دووڕێیانێک کە لێرەدا ڕێبەری ژیرانە بڕیاریان دا کە دانوستان دەکەین، بەڵام ناڕاستەوخۆ.
وەڵامی عێراقچی بە دانوستانی پاش شەڕ
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کرد: لە کاتی سەرکەوتندا دەبێ ڕوو لە دانوستان بکەی، چونکە دەستی باڵات هەیە و هێزی خۆت بە جیهان نواندووە. ڕژیمی زایۆنی پێی وابوو بە یەک حەوتە کار تەواو دەکات، بەڵام وانەبوو و دیتمان لە چەند کاتژمێردا فەرماندەکان دیاری کران و وەڵاممان دانەوە. دیتمان کە دواجار ئەوە دوژمن بوو خوازیاری ئاگربڕ بوو و ئێمە پەلاری دواجارمان لێدان.
Your Comment