٢٥ حوزەیران ٢٠٢٥ - ١٣:٤٢
Source: Mehrnews
ئاگربڕی ترامپ؛ لە "دەروون‌ئاڵۆزیی سیاسی" تا "بەربەستی ستراتژیی" ئیسرائیل

بە باوەڕی چاودێرانی نێودەوڵەتی، پەلەی ترامپ بۆ ئاگربڕ لە شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، زیاتر لەوەی بە هۆی "دەروون‌ئاڵۆزیی سیاسی"ی ئەو بێت، سەرچاوە لە "بەربەستی ستراتژیی ئەمریکا و ئیسرائیل" دەگرێت.

 بەشی نێودەوڵەتی: ماوەیەکی کەم پاش کاردانەوەی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لە هێرش‌کردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە قوم، ئیسفەهان و نەتەنز و هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بنکەی ئەمریکایی عودەیدی قەتەر، دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە پێشتر پاگەندەی لەناوبردنی چالاکیی ئەتۆمی و تەنانەت ڕووخانی دەسەڵاتی ئێرانی دەکرد، خێرا ڕاوێژی خۆی گۆڕی و جەختی لە زەروورەتی ئاگربڕ و کۆتایی‌‌هێنان بە شەڕ و ململانێکانی لە ناوچەدا کرد و بە ئیدعای ئەوەی کە تلاڤیڤ و تاران خوازیاری ئاگربڕن، لە کاتژمێر 7 و 30 خولەکی ئێران، ئاگربڕی شەڕی ڕاگەیاند.

سیگناڵی بەربەستی ناوخۆیی لە سەرزەوینە داگیرکراوەکان

لە کاتێکدا کە نتانیاهۆ فەرمانی قەدەغەی هەر جۆرە لێدوانێک لەبارەی ئاگربڕی بە کابینەکەی داوە، بەڵام هەڵەی لێکدانەوەی زایۆنییەکان بە ڕادەیەکی زۆر کارەکانی ئاڵۆزتر کردووە و زۆربەی کەسایەتییە باڵاکانی پێشووی ڕژیمی زایۆنی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، کۆتایی شەڕیان بە ڕووداوێکی زۆر تاڵ و تراژێدی بۆ نتانیاهۆ و ئیسرائیل زانی.

بۆ وێنە ئاویگدۆر لیبێرمەن وەزیری پێشووی ڕژیمی زایۆنی و سەرۆکی پارتی "ئیسرائیل یانەی ئێمە" لە لێدوانێکدا جەختی کرد: ئاگربڕ بەبێ ڕێککەوتنێکی دیار، ئێمە لە دوو یان سێ ساڵی داهاتوو بەرەوڕووی هەلومەرجێکی زۆر خراپتری شەڕ دەکات... چونکە ئێران نایەوێ دەست لە پیتاندن و بەرهەم‌هێنانی مووشەک هەڵبگرێت.

لە هەمان کاتدا کەناڵی 12ی تەلەڤیزیۆنی ڕژیمی زایۆنیش ڕایگەیاند کە هەلسەنگاندنە ئەنجام دراوەکان لە ئیسرائیلدا نیشان دەدەن کە ئێران هێشتا چەکی دوورهاوێژ و مەترسیدارەکانی بەکار نەهێناوە.

هاوکات تام سامیا ژێنڕاڵی هێزە پاشکەوتەکانی ئەرتەشی ڕژیمی زایۆنی وتی: ئەوە ئێران کە کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی گرتۆتە دەست و کاتی ئاگربڕ دیاری دەکات ... بەم ئاگربڕە ئێمە تەنیا چەند ساڵ حەسانەوەمان بۆ خۆ کڕیوە و ئەویش بە نرخێکی زۆر گران و بە تێچووی دەرد و ژانی بەرەکانی دواتر.

هۆکارەکانی پەلەکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئاگربڕ

ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی 12 ڕۆژی ڕابردوو بە جۆرە نەبوو کە زایۆنییەکان پلانیان بۆ داڕشتبوو. تلاڤیڤ پێی وابوو کە بە ئۆپەراسیۆنی سەرەتایی خۆی، دۆخی ناوخۆ لە ئێران تێکدەشکێنێت و لە ماوەی چەند ڕۆژدا، نیزامی کۆماری ئیسلامی جگە لە شکستهێنان لە کۆنتڕۆڵی هێرشی دەرەوەیی، کۆنتڕۆڵی دۆخی ناوخۆییش لەدەست دەدات و لە داڕمانی یەکجاری نزیک دەبێتەوە؛ ڕووداوێک کە تەواو بەپێچەوانەی ئەو گریمانایە بوو و ئێران دوای پەلاماری یەکەم، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی دەستپێکرد.

یەکگرتوویی گشتی و هاودەنگیی خەڵکی لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ڕەوتی ژیانی خەڵکی، بابەتێک بوو کە شرۆڤەکارانی زایۆنی نەیانتوایبوو لێکی بدەنەوە و ڕاپۆرتەکان لە کۆمەڵگای ئێران باسین لە توانا و هێزی خۆڕاگریی خەڵکی و نەشێوانی دۆخی ئابووری و بازاڕ بوو.

لە لایەکی ترەوە توانای چەکی مووشەکیی ئێران بە گوێرەی خود ئەمریکا و زایۆنییەکان زۆر زیاتر لە چاوەروانییەکانی ئەو دووە بوو و بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای ڕێژەی زۆر و جۆراوجۆرێتیی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان، توێژە پڕ ئەژمارەکانی پەدافەندی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی سەرەڕای هەموو پاگەندەکانیان، نەیتوانیبوو پێش بەو هێرشانە بگرێت.

کۆی ئەم بژێرانە نیشان دەدا کە ئێران ئامادەیی تەواوی بۆ درێژخایاندنی ڕەوتی شەڕەکە هەبوو، بەڵام ڕاپۆرتە ئەمریکاییەکان بە گومان بوون لە بەرگەگرتنی گشتی و پارێزراوبوونی سەرکردەکانی ڕژیمی زایۆنی لە بەرامبەر درێژخایاندنی ئەو شەڕە.

ئەم گۆڕانکارییانە نتانیاهۆی خستبووە بەربەستێک کە تەنیا ڕێی دەرەتانی، بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە شەڕەکەدا بوو، بەلام نەیدەزانی کە ئەمریکا پاش شەڕی یەمەن، لە هەلومەرجی ئێستادا نایەوێ خۆی لە شەڕێک بگلێنێت و گیانی سەربازانی لە ناوچەدا بخاتە مەترسییەوە. تەنانەت ئەمریکاییەکان بە هێرش‌کردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران تووشی هەڵەی ستراتژیکی هاتبوون و پێیان وابوو پاش ئەو هێرشە ئێران تەسلیم دەبێت و دەچێتەوە سەر ڕەوتی درێژەی دانوستانەکان و لە ژێر زەختی دەستدرێژییەکانی ڕژیمی زایۆنی مل دەنێت لە وەستاندنی یەکجاریی پیتاندن. بەڵام ئەوەش پاش هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ئەمریکاییەکان لە قەتەر، بە وێنایەکی هەڵە دەرچوو و هەر بۆیە ڕاوێژی ترامپ گۆڕا و پرسی ئاگربڕ خرایە بەر باس.

Your Comment

You are replying to: .
captcha