٢٥ حوزەیران ٢٠٢٥ - ١٣:٤٦
Source: Mehrnews
پلانی ئەتۆمیی ئێران تەواو ئاشتی‌خوازانەیە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: تەنانەت لە دوا ڕاپۆرتەکانی ئاژانسیش هیچ ئاماژەیەک بە ناپابەندیی ئێران نەکراوە، کەواتە پلانی ئەتۆمیی ئێمە تەواو ئاشتی‌خوازانە بووە.

 ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێک لەگەڵ کەناڵی جیهانی بی‌بی‌سی لە وەڵامی پرسیار لە بژێرەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی پووچەڵ‌کردنەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر توانستی ناڤۆکیی، وتی: گرینگ ئەوەیە کە ئێران لە ئیستادا کەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشی سەربازی و بەبێ هۆ شەڕێکی دەستدرێژکارانەی لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەسەردا سەپاوە. دیارە لێرەدا چیەتیی وەڵامی ئێران لە لایەن هێزی سەربازیمانەوە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەوی ڕوونە ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر شوێنی نیشتەجێی خەڵکی و نەخۆشخانەکان و لەم ماوەیەدا سەرەڕای زیانێکی زۆر بە یانەی خەڵکی، ژمارێکی زۆری خەڵکی مەدەنی کوژراون و پێموایە ئەوە شتێکە کە دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ لەبارەیەوە وەڵامدەر بێت و یەکدەنگ ئیدانەی بکات. گرینگ ئەوەیە کە نابێ بێڵین ڕاستییەکان، ئاوەژوو و گوماناوی نیشان بدرێن.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە ئامادەبوونی هەواڵنێرانی جیهانی لە ئێراندا بۆ نواندنەوەی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان، سەبارەت بە دۆخی ئینتەرنێت، وتیشی: بەزوویی تۆڕی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی دەکرێنەوە، بەلام لە ئێستادا بەرەوڕووی هەڕەشەی هێرشە سایبێرییەکانین، کەواتە بە ناچاری تۆڕەکان سنووردار کراوەنەتەوە

بەقایی لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ناڤۆکیی ئێران و ئاستی زیانەکان، وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕاوێژی بی‌بی‌سی بۆ جوان‌نواندنی ئەو پەلامارە، جەختی کرد: لە هیچ کوێی یاساگەلی نێودەوڵەتیدا نەهاتووە، وڵاتێکی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش کە خۆی بە پارێزەری NPT بزانێت، مۆڵەتی هێرش‌کردنە سەر وڵاتێکی تری هەبێت، ئەویش بۆ سەر دامەزراوە ئاشتێ‌خوازەکانی کە تەواو لە ژێر چاودێری و پشکنینی فەرمیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییە و ئەمە هێرشێکی تەواو نایاسایی و جەنایەتکارانە بوو. کەواتە ئاستی زیانەکان لێرەدا گرینگ نین، گرینگ خودی هەڵمەتەکەیە کە بە ئاشکرا دەستدرێژیی بێ‌هۆیانەی ئەمریکایە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها لەبارەی گواستنەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و دامەزراوەکانی تر بۆ شوێنێکی دیکە، ڕوونی کردەوە: پلانی ئەتۆمیی ئێران بەردەوام لە ژێر سەختترین چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بووە و هیچ ڕاپۆرتێک نییە کە ئاماژەی بە ناپابەندی یان چەواشەکاریی ئێران لە پلانی کاریی کردبێت. کەواتە پلانی ئەتۆمیی ئێمە تەواو ئاشتی‌خوازانە بووە.

ڕاشیگەیاند: کەواتە گرینگ ئەوە نییە کە ئەو ماددە ئەتۆمیانە هەر لە فۆردۆ ماونەتەوە یان بۆ شوێنێکی تر گواسترابێتنەوە، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە بۆ ئاژانسی نێودەولەتیی وزەی ئەتۆمی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکدەنگ ئەو دەستدرێژییەیان ئیدانە نەکرد و کەس لەوە ناپرسێت کە یاساگەلی نێودەوڵەتی چۆن ئیزن دەدات کە هێرش بکرێتە سەر پلانی ئاشتی‌خوازانەی وڵاتێکی تر.

بەقایی لە کۆتاییدا لەبارەی هۆکاری ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئێران لە مسکۆ و داواکاریی ئێران لە هاوپەیمانانی وەک چین و ڕووسیا، ڕاشیگەیاند: ئێمە هاوکاری و دانوستانی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و سەرووناوچەوەیە و هەر لەم دواییەدا لە ڕێکخراوی کۆنفڕانسی ئیسلامیدا بڕیارنامەیەکمان لە ئیدانەکردنی هێرشی ڕژیمی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەرکرد. لە لایەکی ترەوە ڕووسیا، سێ وڵاتی ئەورووپی و چین هەموو ئەندامی بەرجامن کە هێشتا بەڵگەیەکی زیندووە و پەیوەستە بە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

Your Comment

You are replying to: .
captcha