٢٤ حوزەیران ٢٠٢٥ - ١٤:٣٣
Source: Mehrnews
ئیسرائیل و گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

"هەموولایەک بە خودی ئیسرائیل خۆشیەوە دەزانێت کە ئەگەر پشتیوانیەکانی ئەمریکاو ئەورووپا نەبێت ئیسرائیل ناتوانێت درێژەبەو جەنگە بدات"

بەشی نێودەوڵەتی_عومەر عەلی موحەمەد:
جارێکی تر نەتەنیاهۆ لە دوای لێدانی بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران ئەوەی دووپات کردەوە ،کە ئەوان دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن،لە دوای جەنگی کەنداویش ئەمریکیەکان دەیانوت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین،بەڵام ئەوەی بینیمان ئەو وێرانکاریە بوو.کە ڕوی لەم ناوچەیە کرد.

لە دوای بەهاری عەرەبی نەک پشتیوانیان لە گەشەپێدانی دیموکراسی نەکرد، بەڵکوو ئەو هێزە سیاسیانەش کەبە دیموکراسی گەیشتنە دەسەڵات ،پشتیان نەگرتن و ڕێگەیان خۆشکرد بۆ لە کارلادانیان و جارێکیتر گێڕانەوەی حوکمی عەسکەرو تاک ڕەوی.
هەندێک لە توێژەران و سەرکردە سیاسیەکان بە تایبەتیش کورد دڵیان خۆشە کە ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ گۆڕانکاری لە جوگرافیای سیاسی ناوچەکە و لە ڕێگای ئیسرائیلیەکانەوە دەکرێ ڕێگە خۆش بکەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەت.
بەڵام ئەوەی لە پشتی ئەم جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە کە بە پێشڕەوی ئیسرائیل دەکرێت،گەورەترە لەوەی کە باس دەکرێت کەبۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان یان گەشەپێدانی دیموکراسی بێت.

یان بۆ بەرەو ڕوبونەوەی حەماس و گروپەکانی تر و ئێران بێت.بەڵکوو لە ڕاستیدا بە هاندانی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵە زەبەلاحەکانە و ئیسرائیلیش وەک کاراکتەرێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت..
ئەم جەنگە لە کاردانەوەی تۆفانی ئەقساوە دروست نەبووە ،بەڵکوو چەند ساڵ لەوەو پێش نەخشەی بۆ داڕێژراوە ،بەڵام هێرشەکەی حەماس پێشی خست و بەڵگەی دابەدەست ئیسرائیلەوە کە دەست بە جێبەجێکردنی نەخشەکەیان بکەن، بنیات نانەوەی ڕۆژهەڵات و دروستکردنی گۆڕانکاری هاوشێوەی ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ چەند ساڵێک دەخایەنێت،کە لە ڕێگەیەوە سنوورەکانی ئیسرائیل فراوان دەکرێت،چونکە ترەمپیش لە لێدوانێکدا وتی سنوورەکانی ئیسرائیل تەسکەو پێویستە فراوان بکرێت،ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە تەنها نیە ،بەڵکوو ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتیش ئەمریکا لە پشتیەتی.

ڕۆژئاواییەکان بە گشتی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئەوەی ئیسرائیل دژبە غەزە و لوبنان و ئێران و شوێنەکانی تر دەیکات دژە بە یاسای نێو دەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ .ئەوەش لە غەزە دەیکات بە تەواوی مانا ژینۆسایدە ،کەواتە بۆچی ڕۆژئاواییەکان ئەو جەنگەی پێ ڕاناگرن.؟
تۆماس غڕین نووسەرو مامۆستای فیزیای ئیرلەندی لە وەڵامدا دەڵێت چونکە ئیسرائیل فەرمانی ڕۆژئاواییەکان جێبەجێ دەکات و ئەگەر وانەبوایە ئەم شەڕە ڕووی نەدەدا،
لە ئێستادا ڕوودانی جەنگەکان بە نەخشەی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکان ڕوودەدەن ،کە زۆربەیان ڕۆژئاواین و جوولەکەکانیش باڵادەستن تێیدا.

کیسنجەر لەکاتی جەنگی کەنداوی فارسدا پێشنیارێکی هەبوو کە لەڕێگەی سوپای هاوپەیمانانەوە دەست بگیرێت بەسەر سەرچاوەکانی ووزە لە وڵاتانی کەنداوی فارس،ئەو کاتە ئەوەیان نەکرد،بەڵام لە ئێستادا پلانی دروستکردنی حکومەتی سێبەریان هەیە ،واتە تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ملکەچی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوابن ،کە زیاتر ئامانجی بازاڕ لە دوایەوە هەیە،واتە لێدان لە ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتانەو نەهێشتنی سەروەری و ملکەچ بوون بۆ خواستی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان،کۆتا خاڵی ئەم پلانە لێدان بوو لە ئێران،کەنابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی بێت،چونکە ئەوانە لە ڕووی سەربازیەوە مەترسیان بۆ سەر ئیسرائیل هەیە،هەموولایەک بە خودی ئیسرائیل خۆشیەوە دەزانێت کە ئەگەر پشتیوانیەکانی ئەمریکاو ئەورووپا نەبێت ئیسرائیل ناتوانێت درێژەبەو جەنگە بدات ،بەمەش لە ئێستادا ئیسرائیل بوەتە پۆلیسی ڕۆژئاواو ناتوانێت لە فەرمانەکانیان دەربچێت،
لە پاش لێدانی بنکە ئەتۆمەکانی ئێران ڕۆژئاواییەکان ئامادەن بێنە سەرمێزی گفتوگۆ، بەڵام مەرجێکی گفتوگۆکانیان ئەوە دەبێت کە پێویستە ڕێگەبدەن بە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کەرتەکانی تردا بکەن و ئێران بەڕووی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکاندا بکرێتەوە و کۆتایی بە سیاسەتی سەربەخۆیی و خود بژێوی بهێنێت.

Your Comment

You are replying to: .
captcha