١ ئەیلوول ٢٠١٦ - ١٧:٢٧
900ئاوارەی عێراق لە سووریا دەگەڕێنەوە

900ئاوارەی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا لە سووریاوە گەڕانەوە عێراق.

ئەحمەد عەبدوڵڵا پارێزگاری سەڵاحەدین ئاشکرای کرد 900 ئاوارەی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا لە سووریاوە، بەڕێگەی هەرێمی کوردستاندا گەڕاونەتەوە عێراق.

ئەحمەد عەبدوڵڵا رایگەیاند "کۆمەڵیک لە ئاوارەکانی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا کە لە کەمپی ئاوارەکانی ئەلهول لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری سووریا نیشتەجێ بوون، لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە گەڕانەوە عێراق".

پارێزگاری سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە کرد ئەو ئاوارانە کە لە سووریاوە گەڕاونەتەوە ژمارەیان 900 کەسە، گوازراونەتەوە بۆ سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کراوە.

ئەو پارێزگارە ئاشکرای کرد سەبارەت بە نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارە عێراقییانەی روویان لە باکووری سووریا کردووە، دوای گەڕانەوەیان، لە کەمپی ئاوارەکانی سەڵاحەدین یان کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگی تەواو هەیە....کۆتایی کورتە نامە/310