٢٠ ئاب ٢٠١٦ - ١١:٠٥
کوەیت؛ چاوخشاندنێکی جیاواز بە پەیوەندییەکانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت خوازیاری پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.

ئەو هەواڵە لەنێو چەواشەکارییەکان و ڕەوتی لەئێران ترساندن کە لەلایەن عەرەبستانەوە هیدایەت دەکرێ، هەواڵێکی جیاواز دێتە بەرچاو.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرلەوەش لێدوانگەلێکی لەو چەشنە لەلایەن بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران هاتبۆ ئاراوە.

مەرزوق عەلی غانم سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت ڕۆژی پێنج شەممە لە دیمانە لەگەڵ ڕۆژنامەی شرقی چاپی قەتەر بەئاماژە بەوەی کە ئێران و وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس ، هاوبەشی یەکترین، پێی داگرت لەسەر ڕەخسانی بوارگەلی پێیویست بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کوەیت و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی هاوکاری لەگەڵ ئێران.

مەرزوق عەلی غانم بەئاماژە بە دەوری گرینگی ئێران لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، وتی: کوەیت و وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس هەردەم پێشوازی دەکەن لە بەهێزکرانی سەقام و هێمنی لە ناوچەو دامەزرانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ تاران.

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت باسی پێویستیی داکۆکی لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و یارمەتی گەیاندن بەوانیشی کرد و وتگی: پرسی فەلەستین دەبێ وەک تەوەرێکی زۆر گرینگ لە ویژدانی وڵاتانی عەرەبیدا سەرنج و گرینگی پێ بدرێ.

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت سەبارەت بە چارەسەریی سیاسی وئاشتیانەی قەیرانی سووریاش وتی؛ کوەیت خوازیاری ڕاگیرانی شەڕ وپێکدادانەکان لە سووریاو چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە لەڕێی وتووێژە.

ئەو لێدوانانە، کاردانەوەی بەرامبەری ئێرانی بەدواوە بووە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ڕەوتی ئەرێنی سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت، وتی: بێگومان، ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، دامەزراندنی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ناوچەیە.

قاسمی وتیشی: ئێران بەپێی سیاسەتی پاوەجێ، نەگۆڕ و بنەڕەتیی خۆی هەردەم و هەمیشە خوازیاری چەسپاندنی سەقام، هێمنی و پێشکەوتن لە وڵاتانی دراوسێ بووەو پێشوازی دەکات لە هەرچەشنە هەوڵ و کردەی پراکتیکی و ڕەفتارێکی نیازپاکانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەهەمان کاتدا هیوای خواست ، سیاسەتی دنەدەرانەو نەشیاوی هەندێ لایەنی بیانی کارنەکاتەسەر ئیرادەی حکومەتەکان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانەو هاتنەدی بەرژەوەندیی و دۆستایەتی هەرچی زیاتری نەتەوەکان لەو ناوچەدا .

گومان لەوەدانییە کە هەموو وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس خاوەن چارەنووس و بەرژەوەندیی هاوبەشن، بەڵام بڕوا بە وەها ڕوانگەیەک بەتەنیا بەس نییە بەڵکوو ئەوەی وا گرینگە، هەنگاوی بەکردەوەی بەدوور لە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەو بیرو هزری تایفییە کە ئەو ڕۆژانە عەرەبستان گرتوویەتییە پێش.

ئێستا شووناسی سیاسەتەکانی عەرەبستان بۆ زۆرێ لە وڵاتانی ناوچە ئاشکرا بووە. عەرەبستان لەدووی هاوپەیمانگەلێکی نوێوەیە کە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی بۆ وێنە، درێژەی شەڕ لەدژ یەمەن پشت ڕاست بکەنەوەو هاوبەشی تاوانکارییەکانی لە یەمەندا بن.

بەڵام ئەو ئەنجامەی تائێستا بەر وڵاتانێکی وەک کوەیت کەوتووە لەهاوتەریب بوون لەگەڵ عەرەبستاندا، بیرهێنەرەوەی هەمان ئەزموونی تاڵی سەردەمی داکۆکی عەرەبستان وکوەیت لە رژیمی سەددام لەشەڕی سەپێندراوی بەدژ ئێرانە کە سەرەنجام، داگیرکرانی کوەیت لەلایەن سەددامی لێکەوتەوە.

ئێستاش عەرەبستان بە بۆن و بەرامەیەکی تازەوە هەمان سیاسەتی شێتانەی سەددام لە ناوچەدا پێوشوێن دەگرێ وئیسرائیل لەپشتیەتی، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئیسرائیل، دوژمنی هاوبەشی ئۆممەتی ئیسلامییە.

زیان وێکەوتنی قورسی دراڤی لەبەر هاوڕەوت بوون لەگەڵ عەرەبستان لە سیاسەتە وێرانکەرە نەوتییەکان لە ئۆپێکە کە دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتی لێکەوتەوەو هەروەها سەپێندرانی تێچووە سەربازییە نازەرورەکان بەسەر وڵاتانی عەرەبی ناوچە بەبیانووی پێکهاتنی ئیئتلافی بەناو دژە تیرۆریزم بەسەرۆکایەتی عەرەبستان، لە ئەنجامەکانی هاوتەریب بوون لەگەڵ عەرەبستانە.

ئێستا وڵاتانی دراوسێی ئێران لە کەنداوی فارس ڕەنگە لەبەر هەندێ هۆو هەگەر باسی هەموو ناکۆکییەکانیان لەگەڵ عەرەبستان نەکەن بەڵام نیگەرانیان لە ڕەفتارە نامەنتقییەکانی عەرەبستان بەتەواوەتی ڕوون و ئاشکرایە.

لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت و ڕاگەیاندنی هۆگریی وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس بە هێنانەدی کەشی سەقام و هێمنی و دامەزراندنی پەیوەندیی لەسەر بنەمای مافی دراوسێتی و هاوکاری لەگەڵ ئێران دەبێ هەر لەو چوارچێوەدا لێک بدرێتەوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە وەها لێدوانگەلێک لە ڕوانگەی عەرەبستانەوە بەمانای بەزاندنی هێڵە سوورەکانی عەرەبستان لەمەڕ ڕوانین لە هاوبەشە ستراتژییەکانیان لە ناوچەیە.....

کۆتایی کورتە نامە/310