١٦ ئاب ٢٠١٦ - ١٨:٠٧
پارتی دیموکراتی کوردستان لەسوریا: پەیەدە 21 سەرکردەو ئەندامی باڵای دەستگیرکردووین

پارتی دیموکراتی کوردستان لەسوریا، پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) تۆمەتباردەکات بەوەی 21 سەرکردەو ئەندامی باڵای "بە هۆکاری سیاسی" دەستگیرکردووە، بەڵام کانتۆنی جزیرە کە لەلایەن پەیەدەوە بەڕێوەدەبرێت جەختدەکاتەوە، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە پەیوەندی بە پرسی سیاسییەوە نییە.

کاوە عەزیزی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا بەخەندانی راگەیاند "تەنها بۆ  فشاری سیاسی بۆئەوەی تەسلیمی ئیرادەی سیاسی ئەوان بین، ئەمرۆ ئاسایشی پەیەدە سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سێ ئەندامی لیژنەی باڵاو زیاتر هەشت ئەندامی تری ئێمەی  گرتووە، لەکاتێکدا هیچ تاوانیان نیە تەنها ئەوەیە کە پەیەدە نین".

وتیشی "تا ئێستا 21 ئەندامی ئێمە لە زیندانەکانی ئەوانن کە شەشیان ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسین، 15 شیان ئەندامی باڵاو رۆژنامەوانی ئێمەن".

پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا و پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە ساڵانێکی زۆرە ململانێ و کێشە لەنێوانیاندایە لەسەر بەڕێوەبردنی  کوردستانسوریا  و دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە.

هێڤا حەربۆ هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرە بەخەندانی راگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە "پەیوەندی بە سیاسەتەوە نیە بەڵکو کێشەی دادوەری و ئاسایشە".

جەختیشیکردەوە، ئەوان لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو کەس دەکەن "تەنانەت زۆر جار ئەندامی پەیەدەش گیراوە نەوەکو تەنها پارتی جارێ‌ نازانرێت ئەو کەسانەش لەسەرچی گیراون" ....

کۆتایی کورتە نامە/310