١ ئاب ٢٠١٦ - ١٣:١٧
وتەکانی مەقامی مەزنی ڕێبەریی لەدیداری چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک

ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی فەرمووی: بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، وەک ئەزموونێک، بێ ئاکام بوونی دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان، داهێنانی ئەوان و پێویستیی بێ متمانەیی بە وادەو بەڵێنییەکانی ئەمریکای بۆ جارێکی دیکە سەلماند.

حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ دووشەممە لەدیداری هەزاران کەس لە چین وتوێژە جیاجیاکانی خەڵکی پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئێراندا، فەرمووی: بەرجام دەریخست کە ڕێگای پێشکەوتن و باشتربوونی ڕەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵک، گرینگیدان بە پرسە ناوخۆییەکانە نەک ئەو دوژمنانەی بەردەوام لەناوچەو جیهاندا خەریکی تەگەرەنانەوە لەبەردەم ئێراندان.

حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی بەپێداگریی لەسەرپەند وەرگرتنی گەلی ئێران لە ڕەفتار و هەڵس وکەوتەکانی ئەمریکا لەمەڕ پرسی بەرنامەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، فەرمووی: ئەوان دەڵێن وەرن لەمەڕ پرسەکانی ناوچەش پێکەوە دانوستان بکەین، بەڵام ئەزموونی بەرجام وامان پێ دەڵێ ، ئەو کارە، کارێکی ژەهراوی سامناک و جێی مەترسییەو لەبارەی هێچ پرس و بابەتێکەوە ناکرێ بە قسەو لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی متمانە بکەین.

بەڕێزیان، فەرمووی ؛ دەستتێوەردان و دوژمنایەتی ئەمریکا تەنیا بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرتەسک نابێتەوەو لەمەڕ پرسەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە، هەندێ تۆمەت وبوختانی بەهێز لەئارادایە کە گوایە ، کودەتا بەڕاوتەگبیر و هەماهەنگی و ئامادەیی ئەمریکییەکان ئەنجامی گرتووە کە گەر بێتوو ئەوە بسەلمێندرێ، ریسوایی و شەرمەزارییەکی مەزن بۆ ئەمریکییەکان دەبێ.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەروەها بەئاماژە بە ڕەوشی ناوچەکە، فەرمووی: ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی ئالی سەعوود لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی ، خەنجەرێکە لەسەر پشتی ئۆممەتی ئیسلامی و خەیانەتێکی مەزنە بەڵام لەو ‌هەڵە مەزنەشدا ئەمریکییەکان دەور دەگێڕن، چونکە حکومەتی سەعوودییەکان، شوێنکەوتەی ئەمریکایە.

بەڕێزیان، دەسدرێژکاریی بۆسەر یەمەن، بۆردومانی بێ بڕانەوەی"ماڵ و خانووبەرەکان، نەخۆشخانەو خوێندنگەکان" و منداڵکوژیی بەردەوامی وەک تاوانکاریی گەورەی دیکەی عەرەبستان ناوبردو فەرمووی: بەداخەوە تەنانەت کاتێک ڕێکخراوی نەتەوەکان پاش دەمێک بەنیازە ئەو تاوانکارییانە شەرمەزار بکات، بەپارە، هەڕەشەو گوڕەشەو زەخت و گوشار، دەمی دەبەستن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بەدەورگێڕانی ئەمریکییەکان لە پێکهێنان و بەهێزکردنی گرووپە تەکفیرییەکان بەئامانجی دووبەرەکی نانەوە لەنێو ئۆممەتی ئیسلامیدا، فەرمووی: ئەوان بە پێچەوانەی ئیدیعاو بانگەشەکانیان لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تەکفیرییەکان، هیچ هەنگاوێکی کاریگەر وبەکەڵک لەدژ ئەو گرووپانە ئەنجام نادەن و بەپێی هەندێ ڕاپۆر، تەنانەت یارمەتیشیان دەدەن.

بەڕێزیان، ڕێگاچارەی کێشەو پرسەکانی ناوچەی گەڕاندەوە بۆ "یەکڕیزیی نەتەوەکان و حکومەتەکانی موسڵمان" و خۆڕاگریی لەهەمبەر ئامانجە ئیستکبارییەکانی ئەمریکا و هەندێ دەوڵەتی ئوروپایی و فەرمووی: سەرباری هەموو هەوڵ و کۆششی ئەمریکییەکان، بەرنامەو پلانەکانیان لەقاو دراوەو ئەمریکا لەناوچەدا تادێ زیاتر لاواز دەبێ....
کۆتایی کورتە نامە310