١٦ تەمووز ٢٠١٦ - ١٠:٣٨
کاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئێران به‌ کووده‌تا له‌ تورکیا

ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی ئێران له‌ کاردانه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا نیگه‌رانی زۆری خۆیانیان له‌ قه‌یرانی دروستبوو له‌و وڵاته‌ ڕاگه‌یاند.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع)-ابنا- ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ په‌یامێکی توویته‌ر له‌باره‌ی کووده‌تا له‌ تورکیا به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ پاوه‌جێی، دیموکراسی و ئاسایشی خه‌ڵکی تورکیا بابه‌تێکی گرینگه‌، نووسی: له‌مباره‌وه‌ یه‌کده‌نگی و دان به‌خۆداگرتن کارێکی زۆر گرینگ و حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.
عه‌لی شه‌مخانی نوێنه‌ری ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌ کاردانه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌کانی تورکیا له‌ لێدوانێک که‌ له‌لایه‌ن هه‌واڵده‌ریی ده‌وڵه‌ت بڵاو کرایه‌وه‌، جه‌ختی کرد: به‌ وردبینی و نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی کووده‌تا له‌ تورکیا ده‌که‌ین و ناپاوه‌جێی له‌م وڵاته‌ به‌ تێکده‌ری ئاسایش و ئارامی خه‌ڵک ده‌زانین.
بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌مباره‌وه‌ زیادی کرد: سه‌رجه‌م سنووره‌ زه‌وینی و ئاسمانییه‌ هاوبه‌شه‌کانی ئێران و تورکیا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریدایه‌ و چاودێری گشتگیر له‌م به‌شه‌دا هه‌یه‌.
سه‌یید مه‌حموود عه‌له‌وی وه‌زیری ئیتیلاعاتی ئێران له‌ لێدوانێکدا که‌ له‌لایه‌ن هه‌واڵده‌ریی ده‌نگ و ڕه‌نگ بڵاو کرایه‌وه‌، وتی: له‌ ئاستی پێویست هێزه‌ سه‌ربازی، ئه‌منی و ئیئتیلاعاتییه‌کان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و به‌ ته‌واوه‌تی سنووره‌کان له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌.
ناوبراو وتیشی: بۆ تورکیا ئاره‌زووی ئاسایش و پاوه‌جێی ده‌که‌ین.
حه‌مید ئه‌بووتاڵبی، جێگری سیاسی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ توویته‌ری خۆی نووسی: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی له‌ خه‌ڵک و سیسته‌مه‌ دروستبووه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ گرینگترین بنه‌مای خۆی ده‌زانێت؛ خه‌ڵکی موسڵمان و دراوسێی تورکیا سه‌روه‌ری خۆیان وه‌رده‌گرنه‌وه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ به‌رانبه‌ر کووده‌تا و پێشێل کردنی سه‌روه‌ری خه‌ڵک که‌مته‌رخه‌م نابین، که‌واته‌ به‌ هه‌ستیارییه‌کی زۆره‌وه‌ به‌دواداچوونی گۆڕانکارییه‌کانی تورکیا ده‌که‌ین و ده‌نگی خه‌ڵک به‌ چاره‌نووسساز ده‌زانین.