خالید ئەلقەدومی نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە ئێران وردەکاری نوێی شەوی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە گێڕایەوە.
ئەلقەدومی ئەو زانیاریەی نیویۆرک تایمزی ڕەتکردەوە کە گوایە هەنیە بە بۆمب شەهید بووە و وتی: باڵەخانەکە کاتژمێر ١:٣٧ی درەنگانی شەو لەرزایەوە؛ یەکسەر ژوورەکەم بەجێهێشت و دووکەڵی خەستم بینی. دوای ئەوە بۆم دەرکەوت کە حاج ئەبولعەبد (هەنیە) شەهید بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێموابوو بوومەلەرزەیەک ڕوویداوە یان دەنگی هەورە تریشقەیە بەهۆی توندی لەرزینی بیناکە".
دەلاقەکەم کردەوە بەڵام باران و هەورەتریشقە نەبوو. کەش و هەوا گەرم بوو؛ چووینە نهۆمی چوارەم کە ژووری شەهید هەنیە بوو. بینیم دیوار و سرمی ژوورەکە داڕماوە.
قەدومی ڕایگەیاند: لە بارودۆخی شوێنی هێرشەکە و تەرمی شەهید هەنیە، دیار بوو کە هێرشەکە بە مووشەکێکی ئاسمانی یان هاویشتراوێک ئەنجام دراوە. بەهەر حاڵ نامەوێت بچمە ناو وردەکاری زیاترەوە؛ چونکە گروپە تەکنیکی و تایبەتەکانی براکانمان لە ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەن و ئەنجامەکانی دواتر ڕادەگەیەنرێن.
وێڕای ڕەخنەگرتن لە "گێڕانەوەی شێواوی"ی ڕۆژنامە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان سەبارەت بە دانانی بۆمبێک لە ژێر قەرەوێڵەکەی شەهید هەنیە، جەختی لەوە کردەوە: ڕاستییەکانی سەر زەوی لەگەڵ گێڕانەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل یەکناگرنەوە . مەبەست لەم گێڕانەوە و لێدوانانە ڕەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ئەم تاوانە نەبێتەوە.
نوێنەری بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە "ئیسرائیل جێبەجێکاری ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە و بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە"، هەروەها ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا هاوبەشی ئەم تاوانەیە و لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ واشنتۆن، ڕێگەی بە نەتانیاهۆ دا ئەم تاوانە ئەنجام بدات.
342/