٤ ئاب ٢٠٢٣ - ١٧:٣٩
ئەو گەشبینییەی هەمانبوو بەرامبەر بەغدا وەك پێویست نەبوو/ پێویستە هەموو لایەنەكان یەكڕیز بن

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: رەوشەكە باش ناڵێت، مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و دەبێت لایەنەكان یەكڕیز بن.

 پێشەوا هەورامانی بۆ میدیای نزیك لە پارتی رایگەیاند: 598 ملیار دینارەكە دەگاتە هەرێم و دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت

هەورامانی دەڵێت "ئەو پارەی نێردراوە، بەغدا دەڵێت مووچەی مانگێكە بۆ فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام نەك شایستەی دارایی هەرێم نییە، بەڵكو مووچەش نییە".

دەشڵێت: "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كارێكی كردووە و هیچ نەماوە جێبەجێی نەكردبێت لەبەرامبەر بەغدا".

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت "چاوەڕێ ناكرێت ڕەوشەكە بەوجۆرە بەردەوام بێت، حكومەتی هەرێمیش بێ دەنگ بمێنێتەوە، چونكە هەرێم بەتەواوی پابەندبووە، بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا باش ناڵێت، خەریكە كێشەی بەنزینیش سەرهەڵدەدات".

ئاماژە بەوەش دەكات کە "ئەو گەشبینییەی هەمانبوو بەرامبەر بەغدا وەك پێویست نەبوو، ئێستا پێویستە هەموو لایەنەكان یەكدەست و یەك بڕیار بن، بەپێچەوانەوە مەترسی لەسەر هەموو هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەبێت، داواكارییەكانی بەغدا لەبیانوو دەچن وەك هەوڵێكن بۆ ڕێكنەكەوتن"

342/