شەوی 23ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێک لە زاخۆ تەقییەوە و بەهۆیەوە محەمەد میرزا، بەرپرسی پێشوی پاراستن گیانی لەدەستدا.
دوای ئەو رووداوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە راستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە پەکەکەی تۆمەتبار کرد بە تیرۆر کردنی محەمەد میرزا، بەرپرسی پێشوی پاراستن لە زاخۆ.
پاشان کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە رایگەیاند، کوشتنی ئەو بەرپرسەی پاراستن "ئەنجامی تەسفییە حسابی ناوخۆیی پاراستنی پارتییە و ئەو لێدوانانە پڕ لە درۆن و سوکایەتیکردنە بە عەقڵ و ویژدانی گەلی کوردستان".
راشیگەیاند: "دەیانەوێت بە کوشتنی محەمەد میرزا تێوەگلانی نوێنەرایەتی میت لە دهۆک لە کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی مامۆستا مەلا ئەحمەد جەلالەدین پەردەپۆش بکەن".
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەی شەوی 28ی ئەم مانگەدا ئاشکرای کردووە کە "لە بەرەبەیانی 23ی تەموز بە ئۆتۆمبێلێکی تابلۆی ساختە ئەو کەسانەی کارەکەیان کردوە هاتونەتە ناو زاخۆو بۆمبی دەستی بە ئۆتۆمبێلەکەی محەمەد میرزاوە دەکەن، هەمان شەو لە رێگەی کۆنتڕۆڵەوە بۆمبەکە دەتەقێنرێتەوە""ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردوە لەلایەن پەکەکەوە نێردراون ."
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و لە راگەیەندراوێکدا پاگەندەی کرد:چەندین جارە پارتی لە سەر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لێدوانی چەواشەکارانە و پڕ لە درۆ و دەلەسە بڵاودەکاتەوە و هەر جارێک هەوڵ دەدات تۆمەتی بێ بنەما ئاڕاستەی پەکەکە بکات.
پەکەکە پارتی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی سیاسەتی داگیرکاریی و تیرۆری دەوڵەتی تورکیا بە کار دێنێت.
ئەوەشی وتووە کە پارتی لە خواکورک و مەتینا بوەتە پێشقەراوڵی سوپای تورکیا و لە هەمانکاتدا هەوڵ دەدات بە کردەوە و بە لێدوانی گێرەشێوانە ڕای گشتی گەلی کوردستان چەواشە بکات و پەرتەوازەیی دروست بکات..
و جەخت دەکات : هێزی سودمەندی ئەم کردەوانەی پارتی، تورکیایە، چونکە پارتی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بۆ شاردنەوە و ڕەوایەتیدان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی میتی تورکیا بە کاردەهێنێت.
342/