وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ کە بەشێکیان چەکدار بوون، هێرشیان کردووەتە سەر بینای پارێزگای «سوەیدا» و تەقەیان کردووەو لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژراوەو ژمارەیەکیش بریندار بوونە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەم بەیاننامەیەدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئاژاوەگێڕان چوونەتە ناو بینای پارێزگاکەو کەلوپەلی نووسینگەی پارێزگاکەیان تێک و پێک داوەو بەشێکی زۆر بەڵگەنامەکانی نێو بیناکەیان دزیوە و ئاگریان لە بیناکە و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری بەرداوە.
لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی ناوخۆی سوریا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: ئەم گرووپە یاساشکێنە بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل بەشێک لە ڕێگاکانی پارێزگای «سوەیدا»یان داخستووە.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە:دەسەڵاتدارانی ئەمنیی سوریا بەدوای یاساشکێنەکاندا کەوتوون و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ڕێگەیان بەخۆیان داوە یاری بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای «سوەیدا» بکەن و سەلامەتیی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.
هەروەها «ریان مەعروف»، چالاکوانی مافەوانیی سوریاش لەم بارەیەوە وتویەتی: بینای پارێزگاکە لە ناوەوە بە تەواوی سووتاوە و کۆمەڵێکیش بەهۆی تەقەکردنەکەوە بریندار بوونە.
342/