١٢ شوبات ٢٠٢٢ - ١٠:٥٧
ڕێککەوتنی پارتی و سەدر واژۆکردنی کاغەزی سپیە بۆ هۆشیار زێباری

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق لەسەر مەترسی ناوەڕۆكی رێككەوتنی سەدر و بارزانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر واژۆکردنی کاغەزی سپیە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ هۆشیار زێباری.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: بارزانی ھەمیشە گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی کورت کردووەتەوە بۆ پۆست و کەسایەتییەکان، نەک کێشە لەمێژینەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا.

دەشڵێت: شۆک نابیت بە بینینی ئەو جۆرە ڕێککەوتنانەی کە "واژۆ کردنی کاغەزی سپی بەرامبەر بە پۆست بۆ ھۆشیار زێباری" بێت و مەبەستی قسەکەشی ڕێكکەوتنی سەرۆکی پارتییە لەگەڵ ڕەوتی سەدر.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، مەرجی ئەمجارەی بارزانی دانانی ھۆشیار زێباری بە سەرۆککۆماری عێراقە.

زیاتر لەسەر ڕێككەوتنەكە هەڵوێستە دەكات و نوسیویەتی: لە پێناوی ئەم پۆستە وا کاغەزی سپی بۆ ھەر لایەنێک ئیمزا ئەکەن کە پشتگیرییان بکات بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، ئیتر گرنگ نییە کە کاغەز و رێکەوتنەکە چیی تیایە!؟ داخوازییەکانی ھەرێمی تیایە یان نا!؟ نەخشەڕێی چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی تیایە یان نا!؟ سەیری «رێکەوتنی نێوان پارتی و رەوتی سەدر» بکەن بە وشەیەکیش باسی ھەرێمی کوردستان یان ناوچە جێناکۆکەکان یان پێشمەرگەشی تیا نییە. بە وشەیەکیش ئاماژەی تیانییە بۆ ئەوەی عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و دامەزراوەکانی فیدراڵین، ھەر کەسێک ئەو بەڵگەنامەیە بخوێنێتەوە وا تێئەگات کە عێراق دەوڵەتێکی ناوەندییە.

پێیوایە، کورت کردنەوەی کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ پۆست و کەسەکان، ھەمیشە ھۆکاری سەرەکی بون بۆ لاواز کردنی رۆڵی کورد لە بەغدا.

342/