بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - «سەیید عەممار حەکیم» لەم پەیامەی دا نووسیویەتی: ڕێزنان لە ڕۆژی نێونەتەوەیی ھاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە کێشەی ئەم نەتەوە پشوودرێژە، کێشەیەکی مرۆڤانەو دادگەرانەو ڕەگ داکوتاوە لە ویژدانی عەرەبی و ئیسلامی و ئینسانی داو ئەمەش پەیوەندیی بە تێپەڕینی کات و ساتەوە نییە.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە، گەلی چەوساوەی فەلەستین مافێکی ڕەوای ھەیە لە سەرزەوین و دێروک و داھاتووی بەرەکانیەوەو ئەم مافە بە تاڵان براوەش بە سەرکەوتن و داکۆکی لە ئاستی عەرەبی و ئیسلامی و ئینسانی و بە یەکگرتوویی فەلەستینییەکان و ئاراستەکردنی نوکی ڕمەکانیان بەرەو ڕژێمی زایونی و وەلانانی دووبەرەکییەکانیان نەبێت، بە ھیچی دیکە دەستەبەر ناکرێت.
حەکیم پێی داگرت: عێراق و مەرجەعییەتی دینی و گەلی بوێرو تەواوی چین و توێژەکانی بەرەڤانیکاری ئارمانجەکانی گەلی فەلەستین و نەیاری ھەرچەشنە ھەوڵدانێک لە ئاراستەی سڕینەوەی شوناسی نیشتیمانیی ئەم گەلەو بێ بەری کردنی فەلەستینییەکان لە نیشتیمانی خۆیان و زەوت کرانی ئازادی و کەرامەتیانن.
342/