٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٠ - ١٢:٣٧
هیچ ڕووداوێک ناتوانێ کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێنێت/ کاری گەورە بەڕێوەیە

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە هیچ ڕووداوێک ئێران ناوەستێنێت وتیان: هەندێ کاری گەورە بەڕێوەیە.

به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای کۆرۆنای ئێران بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەڕێوەچوو.

ڕێبەری باڵای ئێران لەم دیدارەدا وێڕای سپاس و پێزانینی کاری لیژنەی باڵای کۆرۆنا لە وڵات, جەختیان کردە سەر زەروورەتی بڕیاردانی یەکلایی و هاوکاری خەڵک لە گەڵ دامودەزگا دەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاریی لە گەڵ پەرە سەندنی کۆرۆنا.

ئایەتوڵا خامنەیی وتیان دەبێ هەوڵ بدەین بە بەڕێوەبەرایەتیەکی باش ئەم قۆناغە تێپەڕێنین کە پەیوەندی بە گیان و ماڵ و ئابووری و ئاسایشی خەڵکەوە هەیە.

ئەوەشیان وت کە دەبێ هەموو دامودەزگا کانی وڵات و خەڵکیش سەبارەت بە پرسی بەرەنگاریی کۆرۆنا گوێڕایەڵی فەرمانی لیژنەی باڵای کۆرۆنا بن و بە بڕیاری یەکلایی و بە بڕشت فەرمانەکانی ئەم لیژنە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی گیانی خەڵک پارێزراو بێت.

جەختیشیان کرد کە پێویستە دەوڵەت یارمەتی خەسار بەرکەوتووانی کۆرۆنا بدات و ئەوانەی کە هیچ جۆرە بیمەیەکیان نییە و بە هۆی کۆرۆناوە بێکار بوونە دەبێ بیمەی کۆمەڵایەتی قەرەبوویان بکاتەوە.

لە کۆتاییدا ڕێبەری باڵای ئێران وتیان کە پشت بە خوا هیچ ڕووداوێک نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێنێت و چەندین کاری گەورە بەڕێوەیە و خەریکە ئەنجام دەبێت و دەبێ هەموو ئەو لەمپەڕانەی کە دەبنە هۆی هێواشی بەرەوپێش چوونی کارەکان چارەسەر بکرێن.