به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هاوڕێی وەزیرانی دەرەوە، بەرگری ، نەوت ، کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی، بەفڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا مستەفا کازمی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کوردستان کۆبوەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ، بڕیارە کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دهۆک، سەردانی خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل لە قەزای زاخۆ بکات ، لە نزیکەوە سەردانی چەند شوێنێکی دیکەش دەکات کە پەیوەندیدارن بەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و لەماوەی رابردودا خاڵی ناکۆکی نێوان هەردو لایەن بوە.
هاوکات، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیاند، مستەفا کازمی سەردانی هەر دوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی دەکات و چاوی بەبەرپرسانی ئەو دوو شارە دەکەوێت. چاوەڕێش دەکرێت سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات و دواتریش سەردانی سنووری باشماخ بکات.