٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٠ - ٠٥:٣٤
ئێران ئامادەی ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ بەرنگار بوونەوەی سەودای سەدە

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ پیلانی گەورەی «سەودای سەدە» کە ھەڕەشە لە ئوممەتی ئیسلامی دەکات.

(ABNA24.com) «سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە توییتێڕدا نووسی: بە سەرنجدانی پێویستیی خێراو گرینگایەتیی کێشەی فەلەستین، جیا لە ھێندێک ناکۆکیی وڵاتانی ناوچەکە، ئێران ئامادەی ھاوکارییە لە ھەموو ئاستێکدا بۆ یەکخستنی جیھانی ئیسلام لە ئاراستەی بەرنگار بوونەوەی پیلانی ناسراو بە سەودای سەدە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە لە توییتێکدا نووسی: ئەم بەناو ئاسۆی ئاشتییە تەنیا پرۆژەیەکی خەیاڵیی بازرگانێکی هەڵشکاوە کە دیارە مۆتەکەیەکە بۆ ناوچەکەو جیھان.

زەریف ھیواداریی دەربڕی کە ئەم گەڵاڵەی سەودای سەدەیە ببێتە ژامێکی ڕاچەڵەکێنەر بۆ تەواوی ئەو موسڵمانانەی کە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن. «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سەشەممە لە کۆشکی سپی لە کاتێکدا کە «بنیامین ناتانیاھۆ»ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونیش لە تەنیشتی دا وەستا بوو، پەردەی لە سەر  گەڵاڵەی ڕێککەوتنە داسەپێندراوەکەی ناسراو بە «سەودای سەدە» ھەڵگرت.

ئەم گەڵاڵەیە داگری لکاندنی تۆکمەوتەواوی قودس و شارۆچکەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بە ڕژێمی زایونی و لە بەرچاونەگرتنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکانە. تەواوی تاقم و ڕەوتەکانی فەلەستینی دژایەتیی ئاشکرای خۆیانیان لەگەڵ ئەم پیلانەدا ڕاگەیاندووە.


/129