٣٠ تشرینی دووەم ٢٠١٩ - ١٠:٤٥
"مانگانە کوردستانی ئێراق نزیکەی ترلیۆنێک دینار وەردەگرێت" نوێنەری هەرێم لە بەغدا : رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بودجە واژۆ دەکەین

بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە هەولێر و بەغدا رێککەوتنی "کۆتایی لەبارەی بودجەوە واژۆ دەکەن"، دەشڵێت، هەر هەفتەی داهاتو حکومەتی عێراق بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکات بۆ پەسەندکردنی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - به پیی راپورتی خەندان-25ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوت و بودجەی 2020ی عێراق کۆبونەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردولا گەیشتونەتە رێککەوتن و لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە بەرامبەر شایستە داراییەکانیدا.

فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندوە، "بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە واژۆ بکەن، دواتریش هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتنەکە لەناو بودجە جێگیر دەکەن و سیاغەی بودجە دەکرێت و پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و ناوەڕاستی مانگی داهاتو رەشنوسی بودجەی عێراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت. هەرێمی کوردستان و بەغدا لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە لەبارەی پرسی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ناکۆکن، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیدا و چەندین رێککەوتنی بازرگانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان واژۆکرد.  

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەرێژە نابێت، لە جێگەی ئەوە مانگانە نزیکەی ترلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن.فارس عیسا رونیکردەوە، "هەوڵ دەدەین کە لە بودجەی سیادی و حاکیمەش پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و هەرێمی کوردستانیش رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات".

بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عێراق، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 522 ملیار دیناری بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەکردوە، تا ئێستاش بەردەوامە.رەوانەکردنی ئەو بڕە لەکاتێکدابو بڕیاربو، حکومەتی عێراق پشکی لەسەدا 12.67 بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەکرد، پارەکە بۆ 522 ملیار دینار کەمکرایەوە، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتبو.

.........
340