٢٦ تشرینی دووەم ٢٠١٩ - ٠٩:٥٤
وەزیری نەوتی عێراق : رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ هەرێم کراوە

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت؛ لەگەڵ شاندی هەرێم بەشێوەیەکی سەرەتایی گەیشتونەتە رێککەوتن و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە هەرێم (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - به پێی راپۆرتی(سبەی):سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق دوای تەواوبونی کۆبونەوەی شاندی بەغدا و هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی زۆر لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەردولاکرا، هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتون و لە چەند رۆژی داهاتوشدا بۆ یەکلاییکردنەوەی ژمارەیەک پرسی دیکە کۆدەبنەوە.

سەبارەت بە رێککەوتنەکە، وەزیری نەوت وتی: یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گفتوگۆکانی ئەمڕۆ پرسی نەوت بو، کە کۆڵەکەی رێککەوتنەکەمانە لەگەڵ هەرێم و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە هەرێم (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆ ئەوەی هەناردەی بەندەری جیهان بکەن، لەبەرانبەردا حکومەتى ناوەندى پابەند دەبێت بە ناردنى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوکردنی گفتوگۆکان، هەوڵ دەدرێت لەرێگەی یاسای بودجەوە رێککەوتنەکە جێگەی بکرێتەوە و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکات و پاش بۆ پەسەندکردنی، رەوانەی پەرلەمان بکرێت و رێکارە یاساییەکانی تەواو بکرێت.

شاندەکەی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ژمارەیەک بەرپرسانی دیکەی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشدارییان کردوە و شاندی بەغداش پێکهاتبون لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری نەوت و پارێزگاری بانکی ناوەندی.

.........
340