١٠ تشرینی دووەم ٢٠١٩ - ٠٩:٢١
عەراقچی: ئامانجی ئێران پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام و دەرباز کردنیەتی

جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی قەدەغەی پەرەپێ دانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی لە مۆسکۆ تیشکی خستە سەر کەم کرانەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ئێران و وتی: هەنگاوە بەرجامییەکانی تاران هاوتەریب لەگەڵ بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەو بە مەبەستی دەربازکردنی هەڵدەگیردرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - «سەیید عەبباس عەراقچی» جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە ئێران هیچ خەتایەکی لە مەڕ گەییشتنی ڕێککەوتنی بەرجام بەم هەل و مەرجەی ئێستا نەبووە، وتیشی: تاران لەپاش کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام ساڵێک دەرفەتی دایە ئەورووپییەکان هەتا بەڵێنەکانیان لە هەمبەر ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە ڕاپەڕێنن کەچی ئەوانە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرت.

عەراقچی وێڕای ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی ژیرانەو کرداری ئاوێتەی نیازپاکیی ئێران لە قۆناغەکانی پێشترو بەرلە ڕێککەوتنی بەرجام، ئاماژەی کردە هەڵوێستی بەرپرسانەی تاران و بڕوامەندیی ئێران بە وتووێژو هاوکاری و ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە بەردەوام کرانی هەر ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەیی پێویستمەندی وەدی هاتنی بەڵێنمەندییەکان لە لایەن هەموو ڕۆڵگێڕانی ڕێککەوتنەکەیە.

جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێرانیشی بە (شەڕی ئابووری) ناوبردو وتی: تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بەم ناکۆکییانەی ئێستا (ئاگربڕ لەم شەڕە ئابوورییە)یە.

بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە. ئەم وڵاتانە سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان، کەچی ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەھێناوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەشتەمی مای ٢٠١٩ لە یەکەم ساڵگەڕی  کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و لەپاش سەلمێندرانی بێ بەڵێنیی لایەنی ئەورووپیی ڕێککەوتنەکە بۆ قەرەبوو کردنەوەی شوێنھاتە ئابوورییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ڕایگەیاند کە بەشێک لە بەڵێنەکانی بەرجامیی خۆی بە پێی بڕگەکانی ٢٦و ٣٦ی ئەم ڕێککەوتننامەیە ھەڵدەپەسێرێت.

ئێران ھەتا ئێستا لە چوارھەنگاودا لە بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی کەم کردووەتەوە.

بە پێی بڕگەکانی ٢٦و ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام، ئەگەر بێتوو لایەنی بەرامبەر پێبەندی بەڵێنەکانی نەبێت،ئێرانیش بۆی ھەیە بە شێوەیەکی گشتی و یان بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی ھەڵپەسێرێت.

........
340