٢٣ تەمووز ٢٠١٩ - ٠٩:٣٥
سەرۆک کۆماری نیکاراگۆڤا: بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران نایاساییە

سەرۆک کۆماری نیکاراگۆڤا بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێرانی بە نایاسایی زانی.

(ABNA24.com) "دانییەل ئۆرتێگا" Daniel Ortega سەرۆک کۆماری نیکاراگۆڤا ڕۆژی دووشەممە لە دیداری "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە "ماناگۆڤا"ی پێتەختی ئەم وڵاتە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەوشی ئێستای جیهان کە دەوڵەتی ئەمریکا سەرچاوە و هۆکاری سەرەکییەتی، وتیشی: ئەمریکاییەکان بە زۆرەملی نواندن و بنپێ کردنی یاسا و ڕێساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی سووکایەتی بە خەڵکی جیهان دەکەن تەنانەت بە هاوڕێ و هاوپەیمانەکانیشیان.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی: دەوڵەتی ئەمریکا وێڕای هەموو یاسا و ڕێسا و بڕیارنامەکان، تیرۆریزمی ئابووری بەکارهێناوە دژ بە گەلانی سەربەخۆی جیهان.

زەریف هەروەها بە ئاماژە بە گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکانی هاوکاریی ئێران و نیکاراگۆڤا لە بواری بازرگانی، پیشەسازی، وزە، کشت و کاڵ و دراوی، پێی داگرت لە سەر ویست و ورەی بەرزی ئێران بۆ پەرە پێدان و قووڵتر کردنەوەی پێوەندییە دوولایەنەکانی لەگەڵ ماناگۆڤا.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەگەڵ "گۆستاڤ پوراس کۆرتێس"ی سەرۆک پەرلەمان و "دێنیس مونکادا"ی وەزیری دەرەوەی نیکاراگۆڤایش بە جیا دیدار و وتووێژی کردبوو.

زەریف لە درێژەی سەفەرەکەیدا بۆ ئەمریکای لاتین سەر لە بەیانی دووشەممە گەیشتە نیکاراگۆڤا. وەزیری دەرەوەی ئێران پاش نیکاراگۆڤا بەرەو بولیڤیا وەڕێ دەکەوێ.



/129