(ABNA24.com) نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان، ڕۆژی شەممە مێکانیزمی تایبەتی بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە ئیسنتێکس" INSTEXی بە ئۆتۆمبیلێکی زۆر جوان شوبهاند کە بەنیزنی نییە و وتی: ئیسنتێکس لە ڕەوشی هەنووکەدا سوودێکی نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مەجید تەخت ڕەوانچی" لە کۆڕی هەواڵنێراندا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە "ئینستێکس" دەبێ دابینکەری پێداویستییەکانی ئێران بێ، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەو مێکانیزمە بە بێ پارە هەر وەک ئۆتۆمبیلێکی زۆر جوانی بە بێ بەنزینە.
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئاماژەیشی کردە بەڵێنشکێنیی ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ڕایگەیاند لەو کاتەوەی کە ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە چۆتە دەرەوە (٨ی مانگی مەیی ٢٠١٨)، ئەورووپاییەکان هەنگاوێکی ئەوتۆیان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵنەگرتووە.
تەخت ڕەوانچی بە ئاماژە بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئێستاکە بە درووستی جێبەجێ ناکرێ پێی داگرت کە ئێران ناتوانێ بە شێوەی یەکلایەنە بەردەوام بێ لە سەر بەجێ هێنانی ئەرک و ئەستۆگرییەکانی و هیچ سوودێکیشی بە نسیب نەبێ.
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان وتیشی؛ ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێناوە بەڵام ئەورووپاییەکان تەنیا هەر بەیاننامەیان دەرکردووە و ئەوپەڕی بە شێوەی زارەکیی داکۆکیی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە و بەس.
تەخت ڕەوانچی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە تەنیا هەر داکۆکی راگەیاندن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کێشەی ئێران چارەسەر ناکات، وتیشی کە ئەگەر ئەورووپاییەکان بەڕاستی خوازیاری مانەوە و پارێزرانی ڕێککەوتنی ئە تۆمیی ئێرانن، دەبێ هەنگاوی گەورە و کاریگەر و بە کردەوە بۆ رزگار کردنی هەڵگرن.
ئەورووپا لە جەنگەی دانوستان لە گەڵ ئێران پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داسەپاندنەوەی بایکۆتەکانی بە سەر ئێران، بەڵێنی دا لەمەڕ ئەوەی کە مێکانیزمێکی دراویی تایبەت بۆ پووچەڵ کردنەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران وەڕێخات.
ئەورووپا ٣١ی ژانڤییەی ٢٠١٩ پاش چەندین مانگ لە ئاکامدا، بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاند کە ڕێگایەکی تایبەتی بازرگانیی لەگەڵ ئێرانی ناسراو بە ئینستێکس کردۆتەوە، بەڵام ئەم کەناڵە دراوییە تا ئێستا بەکردەوە جێبەجێ نەکراوە.
/129
/129
٣ تەمووز ٢٠١٩ - ٠٤:٥١
News ID: 957312
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان، ڕۆژی شەممە مێکانیزمی تایبەتی بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە ئیسنتێکس" INSTEXی بە ئۆتۆمبیلێکی زۆر جوان شوبهاند کە بەنیزنی نییە و وتی: ئیسنتێکس لە ڕەوشی هەنووکەدا سوودێکی نییە.