(ABNA24.com) سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا جەختیان کرد لەسەر پێش گرتن بە دەسوەردانی ئەمریکا لەکاروباری سوریادا.
"عەلی شەمخانی" رۆژی چوارشەممە لەپەراوێزی دەیەمین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی بەرپرسانی باڵای ئاسایشیی جیهان لە شاری "ئوفا"ی ڕووسیا، لەدیدار لەگەڵ "نیکۆلای پاترۆشێڤ" سکرتیری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بەئاماژه بە ئەزموونی سەرکەوتووی هاوکاریی تاران و مۆسکۆ لە سوریا وتی: درێژەی ڕەوتی سیاسیی ئاستانە بۆ خێراکردنەوەی ڕەوتی هێنانەدی سەقامی پاوەجێ لە سوریا بەگوێرەی ویست و ئیرادەی گەلی ئەو وڵاتە پێویستە.
شەمخانی هەروەها بەپێداگریی لەسەر درێژەی هاوکاریی ئێران و ڕووسیا بۆ یارمەتیدان بە پێکهاتنی ڕەوتی ئاشتیی نیشتمانی لە ئەفغانستان وتی: بەڕێوەچوونی دووهەمین دانیشتنی بەرپرسانی باڵای ئاسایشیی دراوسێکانی ئەفغانستان کە بەزوویی لەتاران بەڕێوە دەچێ، هەلێکی گونجاوە بۆ خێراکردنی ڕەوتی یارمەتیدان بە چەسپانی سەقامی پاوەجێ لە ئەفغانستان.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەروەها بەشیکردنەوەی بڕیارگیراوەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە بەرجام کە وەڵامدانەوەیەکە بە پەیمان شکێنی ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپایی، وتی: ئێران لە چوارچێوەی بەرجامدا بەشێوەی هەنگاو بەهەنگاو بەڵێنیەکانی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕەفتاری قەبووڵنەکراوی لایەنەکانی بەرامبەر، کەم دەکاتەوە.
نیکۆلای پاترۆشێڤیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەپێداگریی لەسەر پێویستیی پێش گرتن بە دەسوەردانی نایاسایی ئەمریکا لە سوریاو ڕاگرتنی بڕێک لەکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سوریا، وتی: ئەو کردانەی دەتوانێ قەیران لە سوریا ئاڵۆزتر بکا، قەت لەلایەن ڕووسیاوە پشت ڕاست ناکرێتەوە.
پاترۆشێڤ درێژەی ناهێمنی لە ئەفغانستانی بەکاریگەر زانی لەسەر ئاسایشی دراوسێکان و وتی: دراوسێکانی ئەفغانستان دەبێ بە پێوشوێن گرتنی بەردەوامی دانیشتنی بەرپرسانی باڵای ئاسایشی، دەوری دیاریکەری خۆیان بۆ سەرخستنی ڕەوتە سیاسییەکان شێلگیرانە پێوشوێن بگرن.
/129