(ABNA24.com) بەڕێوەبەری پیشەسازیی بەرەڤانیی تورکیا باسی ئامادە بوونی ئانکارا بۆ دانوستان لەگەڵ واشێنگتۆنی کردووە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەمەڕ سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەد.
بەپێی ڕاپۆرتی میهر بە گێڕانەوە لە ڕۆیتێرز، (ئیسماعیل دەمیر) بەڕێوەبەری پیشەسازیی بەرەڤانیی تورکیا لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێراندا وتی: ئانکارا ئامادەیە هەتا لە بارەی نیگەرانییەکانی واشێنگتۆن لە بارەی ئێس چوارسەدەوە وتووێژ بکات.
بە قسەی دەمیر ئەمریکا هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی پێشنیارەکەی ئانکارا لە بارەی پێکهێنانی گروپێکی کاریی هاوبەش بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەدی چێکراوی ڕووسیای نەداوەتەوە.
ناکۆکییەکانی ئەمریکاو تورکیا لە سەر کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەدا لە ڕووسیا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە زیاتر پەرەی سەندووە.
ئیسماعیل دەمیر جەختی کردووە کە، ئەگەر نیگەرانیی لە سەربابەتگەلی هونەریی سەرچاوە گرتوو لە جێگیر بوونی موشەکەکانی ئێس چوارسەد لە تورکیایە، ئەوا ئێمە گەلێک جار وتوومانە ئامادەین لەم بوارەدا وتووێژ بکەین.
کاربەدەستێکی باڵای تورکیاش بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە: خلوسی ئاکار وەزیری بەرەڤانیی ئەم وڵاتە لەوانەیە لە پەراوێزی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە لە ڕۆژانی 26و 27ی ژوئەن لە برۆکسێڵ دا بەرپا دەکرێت، چاوی بە (پاتریک شاناهان) سەرپەرشتی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا بکەوێت و وتووێژی لەگەڵدا بکات.
ڕۆیتێرز هەروەها وای بڵاو کردووەتەوە کە، ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی تورکیا لە بنکەی هێزی ئاسمانیی (لوک) لە ئیالەتی واریزۆنا بۆ فڕۆکەشەرکەرەکانی ئێف 35 ڕاگیراوە.
مایک ئەندرۆز وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە: ئاگاداری ڕاگیرانی ڕاهێنان و فڕینی فڕۆکەوانە تورکەکانە لە بنکەی ئاسمانیی لوک.
وتەبێژەکەی پێنتاگۆن هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە بەبێ هیچ ئاڵ و گۆڕێک لە سیاسەتەکانی تورکیا، هاوکاریی ئەم وڵاتە لە پرۆژەی چێکردنی ئەم فڕۆکەشەڕکەرانەش هەڵدەپەسێردرێت.
/129