بەرپرسانی ئاسایشی سریلانكا لەبارەی دوبارەبونەوەی هێرشەكانی ئەو وڵاتەوە هۆشداریاندا و رایانگەیاند، پلان هەیە دوبارە هێرشی خوێناوی لەرێگەی بەكاهێنانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە ئەنجامبدرێت.
بەرپرسێكی پۆلیسی سریلانكا لە لێدوانێكیدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی و ئیدارە ئاسایش و سەربازیەكان رایگەیاندوە، "پێدەچێت تەوژمێكی دیكە لە هێرشە چەكداری و خۆكوژیەكان لە وڵاتەكەدا دوبارە ببێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەو ناوچانەی كراوەتە ئامانج شاری "باتیكالوا"یە، بەڵام لەبارەی شوێنەكانی دیكەوە هیچ زانیاریەكی نەخستەرو.
بەرپرسەکەی پۆلیسی سریلانكا رونیکردەوە، "گروپە توندڕەوەكان پێنج ناوچەی وڵاتەكە بە ئامانج دەگرن و پێدەچێت رۆژی یەكشەممە یاخود دوشەممە هێرشەكانیان ئەنجامبدەن".
بەو پێیەی دوێنێ یەكشەممە هیچ هێرشێك ئەنجامنەدراوە، ئەمڕۆ دوشەممە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی سریلانكا لە وڵاتدا بڵاوەیان پێكراوە و لە ئەنجامی چالاكیەكانی ئەمدواییانەی ئاسایشدا دەیان كەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە روداوە خوێناویەكەی یەكشەممەی رابردو دەستگیركراون.
هاوكات دوای تێپەربونی هەفتەیەكی تەواو بەسەر زنجیرە تەقینەوەكەی یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان، حكومەتی سریلانكا رێگاكانی هاتوچۆی كردەوە، بەڵام پۆلیس بەشێوەیەكی هەڕەمەكی پشكنینی لە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەكەدا ئەنجامدا.
راجیسا سیناراتنی، وەزیری تەندروستی وڵاتەكە و دو وەزیر و دو جێگری وەزیری سریلانكا لەوبارەیەوە رایانگەیاندوە، "ئاگاداری ئەو هۆشداریە هەن و لە ئیدارەی وەزارەتەكانەوە زانیاریان پێگەیشتوە".
ئەوە لەكاتێكدایە، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا دوێنێ یەكشەممە پۆلیسی سریلانكا هێرشی كردە سەر مزگەوتێكی رۆژهەڵاتی ناوچەكە و بە مەبەستی لێكۆڵینەوە مزگەوتەكەی داخست، هاوكات حكومەتی ئەو ولاتە پۆشینی پەچەی قەدەغەكرد.
یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان، لە ئاكامی زنجیرەیەك تەقینەوەی خوێناوی لە چەند شارێكی سریلانكا كە ژماریەك هۆتێل و كەنیسەی كردە ئامانج، زیاتر لە 350 كەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیكەش برینداربون.