٢٨ ئازار ٢٠١٩ - ٢٠:٥٢
لەكەرتی غەززە 40 منداڵ كوژراون

سێ هەزار منداڵ بە سەختی برینداربون

رێكخراوی (یونسێف) سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان ئاشكرایكردوە، لەماوەی 12 مانگی رابردودا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەكان لە ناوچە سنوریەكانی كەرتی غەززە نزیكەی 40 منداڵی فەلەستینی كوژراون.

سێ هەزار منداڵ بە سەختی برینداربون

خەیرەت كابالاری، بەڕێوەبەری ناوخۆیی رێكخراوی یونسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا رایگەیاند: "لەماوەی 12 مانگی رابردودا 40 منداڵی فەلەستینی كوژراون و نزیكەی 3 هەزار منداڵ بە برینی سەختەوە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون و زۆرینەی ئەو برینانە بونەتە هۆی كەمئەندامی جەستەیی".

لەماوەی 12 مانگدا 258 هاوڵاتی فەلەستینی كوژراون

كەرتی غەززە، لە بەرواری 30ی ئازار-ی ساڵی 2018 وە كەوتوەتە دۆخێكی گرژی و پڕ ئاڵنگاری لەكاتێكدا سوپای ئیسرائیل و هێزە چەكدارەكانی فەلەستین لەو ناوچەیەدا بەردەوام روبەڕوی یەكدەبنەوە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل و فەلەستین-ەوە، لەماوەی 12 مانگی رابردودا 258 هاوڵاتی فەلەستینی كوژراون و زیاتر لە 6 هەزار و 557 ی دیكەش برینداربون، لەبەرامبەریشدا دوو سەربازی ئیسرائیلی كوژراون و حەوت هاوڵاتی سیڤیل-ی ئیسرائیلی برینداربون.

كابالاری توڕەیی رێكخراوی یونسێف-ی لەبارەی كوژران و برینداربونی منداڵان بەڕێژەیەكی زۆر و بەهۆی جەنگەوە راگەیاند و داوای لە هەمو لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو ناوچەیە كرد" لە بەرامبەر پاراستنی گیان و ژیانی منداڵاندا هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن".

ئەو راگەیندراوەی یونسێف لەكاتێكدایە بەهۆی هێرشە موشەكیەكانی نێوان هەردولا ئەم هەفتەیە دوبارە روبەڕوبونەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل رویدا و ژمارەیەك كوژراو وبرینداری لێكەوتەوە.