٢٨ کانوونی دووەم ٢٠١٩ - ٢١:٣٧
ئێران هەڕەشەی مەترسیدار لە ئیسرائیل دەکات

ئەگەر ئیسرائیل کارێک بکات، ئەوا خۆی لەناو دەبات

فەرماندەیەکی سەربازی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئیسرائیل کارێک بکات لەجەنگ نزیک ببینەوە ئەوا خۆی لەناو دەبات.

لیوا سەلام حوسەینی جێگری فەرماندەی گشتی هێزەکانی کۆماری شۆرشی ئیسلامی رایگەیاندوە، ئەگەر ئیسرائیل شەڕ هەڵبژێرێت ئەوا لەسەر زەوی دەیسڕینەوە و تەواوی زەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین و جیهانی ئیسلامیش دەگرینەوە دەست.

ئەم هەڕەشانەی فەرماندە سەربازییەکەی ئێران لەمیانەی وەڵامی رۆژنامەنوساندا هات دەربارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەندێ پێگە لەسوریا.

هەفتەی رابردو ئیسرائیل چەند پێگەیەکى سەربازى لەناو خاکی سوریا بەچڕی بۆردومانکرد، هێزی بەرگری ئاسمانی سوریاش  وەڵامی بەشێک لەو هێرشە موشەکیانەی دایەوە و بەشێکیانی تێکشکاند، دواتر سوریا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر تەلئەبیبی کرد.

پاش بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسوریا دۆخەکە ئاڵۆزی زیاتری بەخۆوە بینیوە و چەندین کردەوەی تیرۆرستی لەناو خاکی سوریا ئەنجامدراوە و ئیسرائیلیش دوو جار چەند پێگەیەکى سەربازیی لە سوریا موشەکباران کردوە