جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی هاوكارییەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكرێت.
لیوا قارەمان كەمال راگەیاند، "لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا پەیوەندیمان كردوە و بەدواداچونمان كردووە بۆ ناردنی بەشێكی دیكەی هاوكاریەكەی ئەو وڵاتە بۆ پێشمەرگە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لەوەڵامدا پێیان راگەیاندووین چاوەڕواندەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەجبەیەكی دیكەی هاوكاریەكەی ئەمەریكا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە بگاتە هەرێمی كوردستان".
لیوا قارەمان كەمال وتیشی، "دوای گەیشتنی پارەكەی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانكەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر حسابی وەزارەتی پێشمەرگە دواتر دەست بە دابەشكردنی مووچەی لیواكانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت".