بەپێی هەواڵ دری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند “پێمانوایە هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی بەتاڵکردنەوەی پێشوەختەی ئەنجامی گفتوگۆ لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت، هاوکار نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە”.
لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناساندنی قودس – ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل، پووتین دەڵێت “ئێمە بڕوامانوایە هەنگاوی لەم جۆرە نەک هاوکار نابێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هانی بەرزبوونەوەی ململانێکانیش دەدات”.
گوتەکانی سەرۆکی رووسیا لەکاتێکدایە، کە رۆژی 6-12-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە فەرمی ئۆرشەلیم – قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێت و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە ئەو شارە.
پووتین ئەو قسانەی لە تەنیشت ئەردۆغان کرد لەمیانەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە. تورکیا بە تووندی دژی بڕیارەکەی ئەمریکایە لەبارەی قودس و دەڵێت، هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر دژی ئەو بڕیارە، ئەگەر پچڕاندنی پەیوەندییەکانیشی بێ لەگەڵ ئیسرائیل.
ڤلادیمیر پووتین پێش سەردانی بۆ ئەنقەرە، سەردانێکی لەناکاوی ڤۆ سووریا و دواتر سەردانێکی راگەیێندراوی بۆ میسر ئەنجامدا، کە لەوەی دووەمیاندا پرسی قودس یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی پووتین بوو.