١٦ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ٢٠:٣٠
عەبادی پیرۆزبایی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای راوە دەکات

سەرۆک وەزیرانی عیراق پیرۆزبایی لە گەلی عیراق دەکات بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای راوە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.

دوابەدوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە عیراقییەکان دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای راوە-یان لە رۆژئاوای ئەنبار راگەیاند، لەنیوەڕۆی ئەمڕۆدا ئەو قەزایە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، حەیدەر عەبادی پیرۆزبایی لە هێزە عیراقییەکان و گەلی عیراق کردووە بەبۆنەی ئازادکردنەوەی قەزای راوە.

عەبادی نووسیوویەتی "هێزە پاڵەوانەکانمان لەماوەیەکی پێوانەییدا قەزای راوە-یان کۆنترۆڵکردەوەو بەردەوامن لەپاککردنەوەی جەزیرە و بیابانەکان و دابینکردنی ئاسایشی سنوریی عێراق."

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا "رەنگدانەوەی هێز و توانای گەورەی هێزە چەکدارە پاڵەوانەکانمان و پلانە سەرکەوتووەکانمانە لە شەڕەکاندا."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە عیراقییەکان پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای "راوە"ـیان دەستپێکرد.

قەزای راوە دەکەوێتە سنوری پارێزگای ئەنبار و لەسەر رووباری فوراتە، لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی "قائیم"، ئەو قەزایە بووەتە دواین پێگەی رێکخراوی داعش لە عیراق.