٤ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ١٥:١٠

هەرێمی كوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، وەرەقەیەكی7 خاڵییان بۆ گفتوگۆكردن ئاراستەی حكومەتی عێراقی كردووە

ئەندامێكی شاندە سەربازییەکەی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، وەرەقەیەكی7 خاڵییان بۆ گفتوگۆكردن ئاراستەی حكومەتی عێراقی كردووە. گوتیشی "لەسەر ئەو 7 خاڵە چاوەڕێی وەڵامی حكومەتی عێراقین".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوایین كۆبوونەوەی شاندی سەربازی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عێراق، كە رۆژی پێنجشەممە 2-11-2017 لە موسڵ ئەنجام درا، هەردوولا وەرەقەیەكی 7 خاڵیان بۆ گفتوگۆكردن ئامادە كردبوو، دوای وردبینیكردن لەسەر وەرقەكەی هەردوولامان ‌و رەزامەندی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئێمە وەرقەیەكی 7 خاڵیمان بۆ عێراق ناردووەتەوە ‌و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، ئامادەنەبوو ناوەڕۆكی 7 خاڵەكە ئاشكرا بكات، بەڵام گوتی "بەشێوەیەكی گشتی، تەوەری خاڵەكان لەسەر بوونی هێزی هاوبەشە لەناوچە جێناكۆكەكان، ئەو هێزە چەند بێ‌؟ چۆن ‌و كێ‌ سەرپەرشتییان بكات؟ داواشمان كردووە لە خاڵە سنوورییەكان هێزی مەدەنی لێبێت لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، تاوەكو ئێستا لەو7 خاڵە لەسەر 3 خاڵیان ناكۆکیمان هەیە".

لە 16-10-2017 حەشدی شەعبی ‌و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر باشووری كوردستان و كەركووك و خورماتوو و هەندێ ناوچەی دیكەیان كۆنترۆڵكرد، دوای ئەوەش هێرشەكانیان لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دەشتی نەینەوا بەردەوامبوو، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرپەرچ درانەوە. لە دوای ئەوە حكومەتی عێراقی جوڵە سەربازییەكانی راگرت و بەسەرپەرشتی ئەمریكییەكان گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا دەستیپێکرد ‌و چەندین كۆبوونەوەی هاوبەشیش كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی.