وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕەخنەی لە بڕیاری سعودیەو هاوسێ کەنداویەکانی دەگرێت کە ڕەتیانکردۆتەوە دانوستان دەربارەی داواکاریەکانیان بکەن بۆ کاراکردنەوەی پەیوەندیە ئاوی، ئاسمانی و زەمینیەکانیان لەگەڵ قەتەردا.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: شێخ محەممەد ئەل-سانی وەزیری دەرەوی قەتەر کە ئێستا بەسەردانێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە رایگەیاند، ئەو هەڵوێستە " دژە بە پرەنسیپەکانی" پەیوەندیيە نێودەوڵەتیيەکان.
وتیشی "ئەمە پێچەوانەی ئەو پرنسیپانەیە کە پەیوەندیيە نێودەوڵەتیەکان بەڕێوە دەبەن، چونکە ناکرێت لایەنێک لیستێکی داواکاری سیانزە خاڵی پێشکەشبکات و دانوستانیش ڕەتبکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشکرد ئەمهریکا پێی وایە دەبوو داواکاریەکانی ئەو وڵاتانە بۆ قەتەر "بەجۆرێک بێت هۆکاری هەبێت و شیاوی جێبەجێکردن بێت و پێویستە ئەو داوایانەی دژی قەتەر گفتوگۆیان دەربارە بکرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، هیچ دانوستاندنێك لەبارەی ئەو داواكارییانەوە ناكەن كە وڵاتەكەی و هاوپەیمانەكانی پێشكەشی قەتەریان كردووە بۆ وەستاندنی پاڵپشتی تیرۆر لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
عادل ئەلجبێر وەزیری دەرەوەی سعودیە لە وەڵامێكی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند، دانوستان ناكەن لەبارەی ئەو داواكاریانەی پێشكەشی قەتەریان كردووە.
سەرەتای ئەم مانگە، عەرەبستانی سعودیەو میسرو بەحرەین و ئیمارات و ژمارەیەكی دیكەی وڵاتان پەیوەندیە دیپلۆماتییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچراندو سنورەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا داخست، تۆمەتباریان كرد بە "پشتیوانیكردن لەتیرۆر" و دۆستایەتی لەگەڵ ئێران.ئەو چوار وڵاتە داواكارییەكانی خۆیان لە لیستێكی 13 خاڵییدا پێشكەشی دەوحە كرد بۆ ئەوەی لەماوەی 10 رۆژدا جێبەجێیان بكات تا پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی بكرێنەوە.
وەزیری دەرەوەی سعودییە ئاماژەی بەوەكرد، هەنگاوی خۆیان ناوەو ئێستا لەسەر قەتەرییەكانە گۆڕانكاریی لە كردەوەكانیاندا بكەن و كاتێك ئەوەیان كرد ئەوە كاریان لەگەڵ دەكرێت و ئەگەر نا، ئەوا بە دابڕاوی دەمێننەوە.
هەروەها وتیشی، "ئەگەر قەتەر دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو دەزانن دەبێت چی بكەن."
داواكارییەكانی چوار وڵاتەكە لە قەتەر خۆی دەبینێتەوە لە كەمكردنەوەی پەیوەندیی دیبلۆماسی لە نێوان دەوحەو تاران، داخستنی بنكەی سەربازیی توركیا لە قەتەر، پچڕاندنی پەیوەندی قەتەر بە رێكخراوە "تیرۆرستییەكان" و وەستاندنی هەموو جۆرەكانی پاڵپشتیكردنی دارایی قەتەر بۆ هەر كەس و لایەن و رێكخراوێكی تیرۆرستی و توندڕەو ئەوانەی لەلیستی تیرۆری چوار وڵاتەكە و لیستی ئەمەریكی و نێودەوڵەتیدا هەن. هەروەها داخستنی كەناڵی جەزیرەو ئەو میدیایانەی دیكە كە ئەو وڵاتە پشتگیرییان دەكات.