٢٤ نیسان ٢٠١٧ - ٠٧:٣٠
شیاوی سەرۆک کۆماری پێشوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران رەتکرایەوە

شیاوی مەحموود ئەحمەدی نەژاد و محەممەد هاشمی ، برای بچوکی هاشمی رەفسەنجانی رەتکرایەوە

ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران تەنیا شیاوی 6 کەسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران پەسندکرد و شیاوی مەحموود ئەحمەدی نەژاد و محەممەد هاشمی ، برای بچوکی هاشمی رەفسەنجانی رەتکرایەوە.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران ژمارەیەکی زۆر ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، بەڵام رێژەیەکی کەمیان رێگەی خۆ کاندیدکردنیان پێدرا. لەم خولەشدا وەک 11 خولی رابردوو، تەنیا رێگەی خۆپاڵاوتن بەو موسوڵمانە شیعە دوازدە ئیمامییانە درا کە باوەڕمەندی بە کۆماری ئیسلامی سەلمابێت.

رەتکردنەوەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد لەکاتێکدایە کە ماوەی 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بوو، لەکاتی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە ساڵی 2009 ئێران کەوتە دۆخێکی ئاڵۆز و لەلایەن رکابەرەکانی کە میرحوسێن موسەوی و میهدەی کەڕوبی بوون، تۆمەتبار کرا بە ساختەکاریی.

دواتر لە خۆپیشاندانەکاندا کە بە بزووتنەوەی سەوز ناسرابوون ، بە سەتان کەس دەستگیرکران و دەیان کەسیش کوژران.

ئەحمەدی نەژاد پێش خۆکاندیدکردنی راوێژی بە رێبەری ئێران کردبوو بۆ خۆکاندیدکردنی لەم خولەدا ، بەڵام رێبەری ئێران گوتی، من پێمگوتووە بەباشی نازانم خۆی کاندید بکات و لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە، کەچی لە کردەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا ئەحمەدی نەژاد ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکرد.

دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژی هەینی 19-5-2017 بەڕێوەدەچێت و کاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دوو کەسەن کە یەکێکیان حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێستایە کە لەلایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسی دووەمیش ئیبراهیم رەئیسییە کە لەلایەن بناژۆخوازانی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

ئەو کاندیدانەی شیاویان بۆ پۆستەکە پەسندکراوە بریتین لە.

1- سەید مستەفا میرسەلیم

2- سەید ئیبراهیم رەئیسی

3- محەممەد باقر قاڵیباف

4- حەسەن رووحانی

5- ئیسحاق جەهانگیری

6- مستەفا هاشمی تەبا