١١ شوبات ٢٠١٧ - ٠٣:٤٥
لە ناو بردنی خەلافەتي داعش لە لایەن ترەمپەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایە کە داوای لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی کردبوو لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا پلانێک بۆ ئەو مەبەستە دابڕێژن

لەناوبردنی چەکدارانی داعش و ڕووخاندنی خەلافەتەکەیان، بڕیارێکی گرنگی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایە کە داوای لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی کردبوو لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا پلانێک بۆ ئەو مەبەستە دابڕێژن.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلوبەیت ع.ابنا: وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئامادەکردنی پلانەکە هێندەی نەماوە و پێشبینیش دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ڕادەستی ترەمپ بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتى دژی داعش، پێشبینی کرد لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەر دوو شارى موسڵ و ڕەقە کۆنتڕۆڵبکرێنەوە کە پێگەى سەرەکى چەکدارانى داعشن لە عێراق و سوریادا.

دۆریا پێشبینى کردووە لەچەند هەفتەی داهاتوودا هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە ئەمەریکا لە سوریا پشتگیریان لێدەکات بە شێوەیەکی نیمچە تەواو شاری ڕەقە پایتەختی خەلافەتەکەی داعش گەمارۆ بدەن، کە ئەوەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت تا بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی سەرتاسەریی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی شارەکە بدەن.

سەبارەت بە شاری موسڵیش، جۆن دۆریان ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی هاوپەیمانان بەشداری دەکەن لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕۆژئاوای موسڵ و چەکدارانی داعشیش بەتەواوی لە ڕۆژئاوای شارەکە گەمارۆدراون.

لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە شەڕڤانانی یەپەگە پێکهاتەی سەرەکی ئەو هێزانەن، لە باکورەوە تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری ڕەقەوە دوورن و ئەمەریکاش بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو هێزانە دەبەستێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکەدا، بەڵام تورکیا دەیەوێت هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی گەورەیان لە ئۆپراسیۆنەکەدا هەبێت.

ساڵی ٢٠١٦ ساڵی شکست و پاشەکشەی چەکدارانی داعش بوو لە عێراق و زۆربەی ئەو ناوچانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون لەدەستیدا و چەند ناوچەیەکی کەمی لە ڕۆژئاوای ئەنبار و پارێزگای نەینەوا و قەزای حەویجە بەدەستەوە ماوە، بەڵام لە سوریا هێشتا بەهێزە و ٩٠% ی پارێزگای دەیرزور لەنزیک سنوری عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعشدایە، ئەوە جگە لە شارەکانی ڕەقە و تەدمور و باب و هەندێک ناوچەی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب.

پێشتر فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان ئاماژەیان بە چەندین کات کردووە بۆ کۆتایى هاتنى داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەى سەرجەم ئەو ناوچانەى کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە بە تایبەتى موسڵ و ڕەقە.. هاوکات هۆشدارى ئەوەشیان دا لە دەستدانى شار و شارۆچکە و گوندەکان بە ماناى کۆتایی هاتنى چالاکییەکانى داعش نایەت بەڵکو چاوەڕوان دەکرێت پەنابباتە بەر شێوازى شەڕى پارتیزانى و تەقینەوە و کارى توندوتیژى دیکە.