لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپیشاندانێکی فراوان بەڕێوەدەچێت، وێڕای ئەوەی رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوەتەبەر، بەڵام بەرپرسان ناوچەی سەوزیان چۆڵکردوە
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع ابنا: لە ناوچەی سەوز بڵاوە بە هێزێکی زۆری ئەمنی کراوە و رێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر. لەترسی ئەوەی خۆپیشاندەران هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز، بەرپرسان ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
خۆپیشاندانەکە کاژێر 03:00 دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، چۆڵکردنی ناوچەی سەوزیش لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بووە و ، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی حكومەت کردووە باڵەخانەی پەرلەمان و بارەگا حكومییەكان چۆڵبكەن.
چۆڵکردنی ناوچەی سەوز لە پەرلەمانتاران و وەزیرەکان بەهۆی مەترسی چوونە ژوورەوەی خۆپیشاندەرانە بۆ ناوچەکە و تەنیا هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی سەوز ماونەتەوە. هاوکات هێزە ئەمنییەکان سەرجەم رۆژنامەنووسانیان لە ناوچەی سەوز دەركردووە.
كۆتایی مانگی چواری ساڵی رابردوو(2016) لایەنگرانی موقتەدا سەدر كە زیاتر لە دوو ساڵە هەفتانە خۆپیشاندان دەكەن و داوای چاكسازی دەكەن، هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز و چوونە نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوای شەوێك مانەوەش ناوچەكەیان چۆڵكرد.