٧ شوبات ٢٠١٧ - ١٥:٤٢
خەڵکی موسل دەرگاى ماڵەکانیان دەسوتێنن و داعشیش بەڵێنى موعجیزە دەدات

پاش ئه‌وه‌ی داعش به‌شی زۆری شاری موسڵی له‌ده‌ستدا بۆ هێزه‌ عێراقیه‌كان، ئێستا به‌"موعجیزه‌یه‌كی خودایی" خۆی بۆ دوا شه‌ڕ له‌به‌ری ڕاستی شاره‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات ‌و ڕۆژبه‌ڕۆژ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكیش به‌ره‌و خراپی‌ ده‌ڕوات.

له‌به‌ری چه‌پی ڕووبای دیجله‌ سه‌ربازێكی عێراقی وه‌ستاوه‌ بۆ چاودێریكردنی هه‌ر هه‌وڵێكی دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش‌ و له‌به‌ری ئه‌وبه‌ریش قه‌ناس به‌ده‌ستێكی چیچانی له‌ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ ئه‌گه‌ری په‌ڕینه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان بۆ به‌ری ڕاستی موسڵ دوا مۆڵگه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر ئازكراوان ‌و گه‌مارۆدراوان ‌و ته‌نیا رووباره‌كه‌ نێوانیان جیاده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌مووان ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیانه‌ له ‌چاوه‌ڕوانی سه‌عاتی سفری ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادكردنی به‌ری ڕاستدا.
پاش چوار مانگ له‌شه‌ڕی سه‌خت كه‌ ئازادكردنی نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٦٠ی موسڵی لێكه‌وته‌وه‌، هێزه‌ عێراقیه‌كان ئێستا له‌پشووی جه‌نگاوه‌ردان، ئه‌وه‌ی له‌ئارادایه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان ‌و دابه‌شكردنی ڕۆڵه‌كانه‌ بۆ شه‌ڕه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه ‌و زۆرئاڵۆزه‌كه‌، ئه‌ویش به‌هۆی چڕی دانیشتووان ‌و گه‌ڕه‌گه‌ میللیه‌ كۆنه‌كان ‌و رووبه‌ره‌ به‌رته‌سكه‌كان ‌و ژماره‌ی زۆری چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج.
رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌بارێكدایه‌ ئیره‌یی پێ نابرێت، چونكه‌ گوشاری له‌سه‌ر زۆربووه‌ دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان – به‌تایبه‌تی ده‌زگای دژه‌تیرۆر – شكستیان پێهێنا، هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری هێڵی یه‌كه‌م ‌و سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام هێشتا خۆی به‌گه‌وره‌ ده‌زانێت‌ و بانگه‌شه‌ بۆ خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

موعجیزه‌ی خودایی سه‌ركه‌وتن بۆ داعش ده‌هێنێت؟

 كۆتایی داعش له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵات ‌و باكووردا به‌و جۆره‌ بوو كه‌ ئه‌وه‌ی كوژرا كوژراو ئه‌وه‌شی هه‌ڵات هه‌ڵات، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی ڕێكخراوه‌كه‌ وازی له‌فێڵكردن له‌لایه‌نگرانی‌ و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ئازادنه‌كراوه‌كان نه‌هێناوه‌ ئه‌ویش وه‌ك هه‌وڵێكی بێ ئه‌نجام بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان.
یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن سینا له‌خۆرئاوای شاره‌كه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك له‌سه‌ردانیكه‌ران ‌و نه‌خۆشه‌كاندا پرسی "بۆچی زۆرێك له‌پزیشك ‌و برینپێچه‌كان نایه‌ن بۆ ده‌وام؟ یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌رانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ "ئه‌وانه‌ی له‌به‌ری ئه‌وبه‌ر نیشته‌جێن ناتوانن بین بۆ ئێره‌".
"جا بۆچی؟! له‌وێ چی ڕووده‌دات، ئێمه‌ به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی ڕه‌وشه‌كه‌مان كردووه‌، كافرو مورته‌ده‌كانمان (هێزه‌ عێراقیه‌كان) ده‌ركردووه‌" داعشه‌كه‌ به‌م جۆره‌ كۆتایی به‌قسه‌كانی هێنا، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بوێرێت ڕاستیه‌كه‌ بڵێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌مووان به‌روونی ئاڵاكانی عێراق له‌وبه‌ری ڕووباره‌كه‌وه‌ ده‌بینن.
 ته‌نانه‌ت دوای تێپه‌ڕبوونی ١٠رۆژیش به‌سه‌ر راگه‌یاندنی ئازادكردنی ته‌واوی به‌ری چه‌پ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ (٢٤ی كانوونی دووه‌م)و ڕووماڵی به‌رفراوانی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان كه‌ ڕۆژانه‌ وێنه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ده‌گوازنه‌وه‌، وادیاره‌ داعش نایه‌وێت ته‌سلیمی واقیع ببێت، به‌پێی قسه‌ی چه‌ند شایه‌دحاڵێك بۆ "نیقاش" هه‌ینی رابردوو وتاربێژان داوایان له‌پیاوان ‌و ژنانی دانیشتووی به‌ری ڕاست كردووه‌ – چ ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ یاخود پشتیوانانی – كوڕه‌كانیان بنێرن بۆ شه‌ڕكردن شانبه‌شانی سوپای خه‌لافه‌ت ‌و ئه‌وه‌شیان به‌زمانی "سه‌رزه‌نشتكردن‌ و سووكایه‌تیكردن" پێوتوون.
ئه‌م وتاره‌ی دوایینی داعش زۆر حه‌ماسی بووه‌ له‌سه‌ر رێنمایی دیوانی "ده‌عوه‌ و مه‌ساجید" كه‌ رێنماییه‌كانی به‌نووسراو به‌سه‌ر مزگه‌وته‌كانی شاره‌كه‌دا ده‌گشتێنێت ‌و ئه‌و په‌یامانه‌ش له‌خۆده‌گرن كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌یه‌وێت بیانگه‌یه‌نێته‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ‌و چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان.
یه‌كێك له‌و نوێژكه‌رانه‌ی ئاماده‌ی وتاره‌كه‌ بووه‌، ده‌ڵێت "گه‌نجێكی به‌وره‌ چووه‌ سه‌ر مینبه‌ره‌كه ‌و ده‌ستیكرد به‌سه‌رزه‌نشتكردنمان كه‌ كه‌مته‌رخه‌مبووین له‌شه‌ڕكردن شانبه‌شانی سوپای خه‌لافه‌ت، پاشان هاواری به‌ڕووماندا كرد: ئه‌گه‌ر پێتانوابێت كافره‌كان (هێزه‌ عێراقیه‌كان) ده‌گه‌نه‌ به‌ری ڕاست، ئه‌وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ن، سوێندبێت خودا به‌موعجیزه‌یه‌ك سه‌رمانده‌خات وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی سه‌رخست كاتێك بایه‌كی توندی هه‌ڵكرد و ڕیزی ئه‌و كافرانه‌ی تێكدا كه‌ له‌شه‌ڕی ئه‌حزابدا زیاتر له‌١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌به‌ر گه‌مارۆیان دابوو!".

داعش شمشێره‌كه‌ی بۆ دوا شه‌ڕ تیژده‌كاته‌وه‌

دوور له‌هه‌ڵای بانگه‌شه‌كانیش، رێكخراوه‌كه‌ له‌خۆئاماده‌كردندایه‌ بۆ دوا شه‌ڕ، چونكه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی بۆ "نیقاش"یان ئاشكرا كرد كه‌ ده‌یان چه‌كداری بیانی‌ و عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكیدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ لای به‌ری ڕاستی رووباری دیجله‌ و هه‌ندێكیشیان قه‌ناس به‌ده‌ستن ‌و چوونه‌ته‌ نهۆمه‌ به‌رزه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كان.
ئه‌م جۆره‌ ڕێوشوێنانه‌ به‌ڕوونی له‌و گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێیانه‌ ده‌رده‌كه‌ون كه‌ به‌سه‌ر ڕووباره‌كه‌دا ده‌ڕوانن له‌باشووری شاره‌كه‌. چه‌كدارانی داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵه‌ به‌رزه‌كاندا گرتووه‌ و به‌سه‌ر یه‌كتریدا كردوویاننه‌ته‌وه ‌و چه‌كداری ده‌مامكداریان له‌به‌شه‌كانی باشوور جێگیركردووه‌ كه‌ وادیاره‌ خۆكوژن ‌و به‌شێوه‌یه‌كی نمایشئامێز له‌دوای سه‌ركرده‌كه‌یانه‌وه‌ هاواریان ده‌كرد "یان سه‌ركه‌وتن یان شه‌هید بوون" وه‌ك ئه‌بو سه‌عد دانیشتووی گه‌ڕه‌كی غزلانی ده‌ڵێت.
 دوای چوار مانگ له‌ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ، ئێستا دانیشتووانی شاره‌كه‌ له‌به‌ری ڕاست ده‌توانن ئاڵاكانی عێراق ببینن كه‌ به‌به‌رزی ده‌شه‌كێنه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئاڵاكانی داعش هێشتا به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌ن، هه‌روه‌ك گوێش ڕاده‌دێرن بۆ ده‌نگی ئه‌و پێكدادانانه‌ی ئێستا له‌نێوان سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كانی جێگیربووی پشت ڕووباره‌كه‌و چه‌كدارانی ڕێكخراوه‌كه‌دا ڕووده‌ده‌ن.
له‌هه‌مان كاتیشدا بارودۆخی مرۆیی زۆر هه‌ستیار بووه‌، نزیكه‌ی ٧٥٠ هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی تائێستا گه‌مارۆدراون كه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆریان چه‌ند مانگێكه‌ له‌برسێتیه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌ژین، چه‌ند مانگێكه‌ نه‌میوه ‌و نه‌ سه‌وزه ‌و نه‌ مادده‌ی خۆراكی نه‌چووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌یان، ئه‌وانه‌ش كه‌ ئێستا به‌رده‌ستن له‌هه‌ڵگیراوی عه‌مباره‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو له‌بازاڕدا به‌نرخێكی زۆر ده‌فرۆشرێن‌ و ئه‌گه‌ر گه‌مارۆكه‌ درێژه‌ بكێشێت ئه‌وا بازاڕه‌كان به‌ته‌واوی داده‌خرێن.
هه‌روه‌ك نه‌بوونی سووته‌مه‌نیش ژیانی له‌به‌ری لای ڕاست به‌ته‌واوی په‌كخستووه‌، شه‌قامه‌كان خاڵین له‌جموجوڵی هاتووچۆ، ته‌نیا هۆكاری بچووك‌ و مامناوه‌ندی گواستنه‌وه‌ هه‌ن كه‌ له‌نێوان گه‌ڕه‌ك ‌و بازاڕه‌كانی سه‌نته‌ری شاردا ده‌سوڕێنه‌وه‌.
ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌هه‌ندێك خێزانی گه‌مارۆدراویشه‌وه‌ دێن مایه‌ی سه‌رسوڕمانن، هه‌موو ماڵێك دووكه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ له‌ئه‌نجامی دار سووتاندندا، چونكه‌ گازی چێشتلێنان یان خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ ده‌ستناكه‌وێت.
زۆربه‌ی ژنانی ماڵه‌وه‌ له‌چێشتخانه‌كانیاندا توانای هیچیان نییه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئوم ئه‌حمه‌د له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ وتی "ده‌ستمانكردووه‌ به‌سوتاندنی ناو ماڵه‌كان له‌كورسی ‌و دۆڵاب‌ و سیسه‌م ‌و دواجاریش سه‌ره‌ی ده‌رگای ته‌خته‌ هات ‌و هه‌ندێكیمان ده‌رهێناوه‌ و كردومانه‌ به‌داری سووتاندن‌ و ناشزانین ئایا ناچار ده‌بین جلوبه‌رگه‌كانیشمان بسووتێنین به‌رله‌وه‌ی ئازاد بكرێین".
دوای ماوه‌یه‌ك له‌كۆكین كه‌ به‌هۆی ئه‌و دووكه‌ڵه‌وه‌ توشی بوو كه‌ ماڵه‌كه‌ی پڕكردووه‌، ئوم ئه‌حمه‌د وتی "دووكه‌ڵی ڕه‌ش ڕوخسار و دیواره‌كان ‌و هه‌موو شتێكی ڕه‌نگ كردووه‌ و ئه‌مه‌ش چاكه‌ی خه‌لیفه‌یه‌".
 نازانرێت ئوم ئه‌حمه‌د ناچار ده‌بێت چه‌ند ده‌رگا ده‌ربهێنێت ‌و پشووی جه‌نگاوه‌ریش چه‌ند درێژه‌ ده‌كێشێت، سه‌ركرده‌ عێراقیه‌كان بێده‌نگن له‌باره‌ی واده‌ی دوا شه‌ڕی موسڵ‌ و پلانه‌ سه‌ربازییه‌كان ‌و ماوه‌ی پێشبینیكراوو پلانه‌كانی ئاواره‌بوون ‌و شتی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ وریاییه‌كی زۆر و ترسێك هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی به‌ری لای ڕاست.