گرووپێكی شەش كەسی سەر بە داعش لە شاری كەركووك دەستگیركران، بەپێی راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایش، گرووپەكە پیلانی هێرشكردنە سەر كەركووكیان هەبووە و بە ئەنجامدانی چەندین تاوانیش تۆمەتباران، هاوكات دوو ئەندامی دیكەی داعش بە جیاواز دەستگیركراون.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 31-1-2017، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی گرووپێكی شەش كەسی سەر بە داعشی لە كەركووك راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایش، شەوی 30 لەسەر 31-1-2017 ، دژە تیرۆر بە هاوكاری ئاسایشی كەركووك ئۆپەراسیۆنێكی لە گوندی باجوان لە رۆژئاوای كەركووك ئەنجامداوە و گرووپێكی شەش كەسی سەر بە داعش دەستگیركراون.
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە "ئەو تیرۆریستانە تاوانبارن بە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە شاری كەركووك و گوندەكانی رۆژئاوای كەركووك، هەروەها پیلانیان هەبووە كردەوەی تیرۆریستی لەنێو شاری كەركووك و قەزای دوبز ئەنجام بدەن".
هاوكات عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو دوو ئەندامەی داعش لەنێو كەركووك دەستگیركراون، هەردوو دەستگیركراوەكەش لەلایەن دادوەرەوە بەپێی ماددەی 4 ی تیرۆر داواكراوبوونە".
سەرحەد قادر گوتیشی "هەردووكیان ئەندامی داعشن، عەرەبن و خەڵكی حەویجەن، لەبواری ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵاییەتییەكان كاریان لەگەڵ داعش كردووە، تەنانەت یەكێكیان بەرپرسی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش بووە لە حەویجە".
ناوی ئەو شەش ئەندامەی داعش كە لە رۆژئاوای كەركووك دەستگیركراون:
1- بارزان محەممەد مخلیف ناسراو بە (قح) بەرپرسی گرووپ.
2- روكان محەممەد عەلی، ئەندامی گرووپ.
3- نزهان محەممەد مخلف، ئەندامی گرووپ.
4- ئەحمد محەممەد مخلف، ئەندامی گرووپ.
5- محەممەد عەلی ئیبراهیم، ئەندامی گرووپ.
6- فارس مخلف ئەسوەد، ئەندامی گرووپ.
٣١ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٩:٣٨
News ID: 808563
گرووپێكی شەش كەسی سەر بە داعش لە شاری كەركووك دەستگیركران، بەپێی راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایش، گرووپەكە پیلانی هێرشكردنە سەر كەركووكیان هەبووە و بە ئەنجامدانی چەندین تاوانیش تۆمەتباران، هاوكات دوو ئەندامی دیكەی داعش بە جیاواز دەستگیركراون