٢٩ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٢٢:٢٧
ئەمریکییەکان دەبێت له عێراق بچنەدەرەوە

لەکاردانەوەی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ رێگرتن لەوەی عێراقییەکان بچنە ویلایەتە یەکگرتووەکان، حەشدی شەعبی داوای لە حکومەتی بەغداد کرد ھەڵوێستێکی ھاوشێوەی ھەبێت و ئەمریکییەکانیش لە عێراق دەربکات

لەکاردانەوەی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ رێگرتن لەوەی عێراقییەکان بچنە ویلایەتە یەکگرتووەکان، حەشدی شەعبی داوای لە حکومەتی بەغداد کرد ھەڵوێستێکی ھاوشێوەی ھەبێت و ئەمریکییەکانیش لە عێراق دەربکات.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع)، ابنا: ئەحمەد ئەسەدیی وتەبێژی حەشدی شەعبی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، داوا دەکەین رێنەدرێت ھاووڵاتییانی ئەمریکا بێنە ناو خاکی عێراق و ئەوانەش دەربکرێن کە ئێستا لە عێراقدان.

ئەسەدیی وتیشی، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی مافی عێراق و شکۆی ھاووڵاتییەکانی بگرنەبەر.

لەلایەکی دیکەشەوە موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوای لە ترامپ کرد پێش دەرکردنی رەوەندی ئەو وڵاتانەی بڕیاری ئیدارەکەی دەیانگرێتەوە، ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات.

سەدر ئاماژەشیدا بەوەی لەکاتێکدا ئەمریکییەکان بەوپەڕی ئازادییەوە دەچنە عێراق و وڵاتانی دیکە، سەرۆکی ئەمریکا رێنادان بەوەی رەوەندی ئەو وڵاتانە بچنە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوەشی بە نیشانەی خۆبەزلزانی ترامپ وەسفکرد.