ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئامادەكاری شاندی رووسیا، توركیا و ئێران لە ئەستانە تایبەت بە قەیرانی سووریا بەڕێوەچوو.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: لە ئەستانەی پایتەختی كازاخستان رایگەیاند، سەرۆكی شاندی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وردەكاری كۆبوونەوەكەدەخاتەڕوو.
كۆبوونەوەی شاندی ئەو سێ وڵاتە نێودەندگیرە لەكاتێكدایە، رۆژی دووشەممە 23-1-2017 لە پایتەختی کازاخستان شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزيسیۆن کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و راگەیاندنی ئاگربەست دەدرێن لەو وڵاتەدا.
حکومەتی کازاخستان رایگەیاند، ئاماژەی ئەرێنی بۆ کۆبوونەوەکەی ئەستانە دیارن. لایەنی حکومەتی سووریا مەبەستیەتی تەوەری سەرەکی گفتوگۆ ئاگربەست بێت.
هاوكات بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەڵێت "کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەرفەتێکن بۆ ئەوەی لایەنە جیاوازەکانی سووریا پێکەوە قسە بکەن. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە گرووپە چەکدارەکان چەک دابنێن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی ئاشتبوونەوەی سووریادا بەشداربن".
لای خۆیەوە کایرات عەبدولڕەحمانۆڤ، وەزیری دەرەوەی کازاخستان لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئاشكرای كرد، لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری رووسیا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوایان لێکراوە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان میوانداری ئەم کۆبوونەوانە بکەن.
وەزیری دەرەوەی کازاخستان گوتیشی "ئاستانە باشترین ژینگەی بۆ کۆبوونەوە ئاشتییەکانی تایبەت بە قەیرانی سووریا سازاندووە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانیش، زنار شینۆ ئاماژەی بەوەکرد، شاندی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا گەیشتوونەتە ئەستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان یەکیان نەدیووە.
سەرۆكی شاندی رووسیاش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی توركیا و ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، تاوەكو ئیستا روون نییە شێوازی کۆبوونەوەکان چۆن بەڕێوەدەچن.
پێدەچێت نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئامادەنەبن رووبەڕوو لەسەر یەك مێز لەگەڵ شاندی حكومەت كۆببنەوە، بۆیە ئەگەر هەیە لە ژوورێكی دیكەوە بەشداری كۆبوونەوەكان بكەن.
٢٣ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٥:٣٢
News ID: 806768
كۆبوونەوەی شاندی ئەو سێ وڵاتە نێودەندگیرە لەكاتێكدایە، رۆژی دووشەممە 23-1-2017 لە پایتەختی کازاخستان شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزيسیۆن کۆدەبنەوە.