ژەنەڕاڵی خانەنشینکراو جەیمز ماتس کە بڕیارە پۆستی وەزیری بەرگری بگرێتە دەست لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمەریکادا، رووبەرووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کا ئایا چۆن دەتوانێت مەکینەی شەڕە گەم و ساردەکان ئیدارە بدات.
جەیمز ماتس ڕووبەڕووی شەش بابەتی گرنگ لە جیهانی ئێستادا دەبێتەوە و دەبێت بەردەوام مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
ئێران
جەیمز ماتس لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا وەک وەزیری بەرگری دەبێت لەگەڵ ئێران مامەڵە بکات و چاوی لەو لێدوانەی خۆشی بێت کە پێشتر ڕایگەیاندبوو "ئێران نەیارترین و یاریکەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت ئاگاداری بین".
ژەنەڕاڵی پێشووی هێزە دەریاوانەکانی ئەمەریکا لە هێرشی کۆنترۆڵکردنی عێراق فەرماندەیی کردووە و کاتی خۆی ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هاوکاری چەکدارانی شیعەی داوە لە نەجەف و کەربەلا بۆ شەڕی ئەمەریکییەکان، ئەوکات جەیشی مەهدی وەک گروپێک چەکداری شیعە لە نەجەف و کەربەلا چەندین سەربازی ئەمەریکییان کوشت.
دۆناڵد ترەمپی ەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمەریکا وا دەردەکەوێت نەیاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بێت بەوەش جەیمز دەبێت هاوڕای بێت لە بابەتی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران.
شکست پێهێنانی "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی" داعش
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لەمساڵدا وتی "چەکدارانی داعش بە بۆمب باران لەناودەبرێن و دەبێت ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە کارتی تیرۆرستییەوە هەیە لە زینداندا ئەشکەنجە بدرێن".
بەڵام جەیمز ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئەشکەنجەدانی کەسدا نییە و ڕەنگە ترەمپ بەو لێدوانەیدا بچێتەوە.
ترەمپ پێشتریش وتبووی دەبێت بەهێزی ئەمەریکی ئەو ناوچانە داگیربکرێت کە نەوتی تێدایە، بەڵام باسی بەرنامەی ئەو کۆنترۆڵکردنەی نەکرد.
بەرزبوونەوەی تێچووی سەربازی
هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان چالاکی سەربازییان هەیە، بەوەش خەرجییەکی زۆر لەسەر حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دادەخات، کە بودجەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە ٦٠٠ ملیار دۆلار.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا ئەوەی ئاشکراکردووە کە لەگەڵ درووستکردن و بتەوکردنی زیاتری هێزە چەکدارەکاندایە و وەزیری هەڵبژێراوی بەرگری ئەمەریکا ڕووبەڕووی لیدوانەکانی ترەمپ دەبێتەوە کە پێی وایە دەبێت هێزە زەمینییەکان لە ٤٥٠ هەزارەوە بۆ ٥٤٠ هەزار زیاتر بکرێت و ژێر دەریاییەکانی ئەمەریکاش لە ٣٠٨ ەوە بۆ ٣٥٠ زیاتر بکرێت.
هاوپەیمانی نوێ بۆ ئەمەریکا
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا وتی دەبێت هاوپەیمانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا بۆ ناتۆ و ئەمەریکا درووستبکرێت، بەمەش وەزیری بەرگری دەچێتە ڕووبەڕووبونەوەیەکی سەختەوە لەگەڵ نەیارەکانی وەک ڕووسیا لەو ناوچانە.
ڕەنگە ئەوە یەکەمین ئیشی جەیمز بێت بەوەی بۆ هاوپیمانەکانی ڕوونبکاتەوە کە دەوڵەتی نوێی ئەمەریکا چییە؟
ئەفغانستان
دوای ١٥ ساڵ لە گرتنی ئەفغانستان و خەرجکردنی ملیارەها دۆلار لەو وڵاتە و هێزی سەربازی حکومەتی ئەفغانستان تا ئیستاش ئەو وڵاتە لەسەر پێی خۆی نییە و هێزەکانی حکومەت زیانی گەورەکان بەردەکەوێت لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە وەک تالیبان
جەیمز ماتس لەگەڵ ئەم پرسەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە و دەبێت وەک سەرکردەیەکی سەربازی نیشانی بدات کە ئەو دەوڵەتەی ئەمەریکا بشتگیری دەکات بەهێزە و هێزی سەربازی هەیە بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی.
ڕووسیا
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمەریکا پیشتر وەسفی ڤیلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیای کردبوو وەک سەرۆکێک، دواتر هیلاری ڕکابەری ترەمپی بە داردە دەستی ڕوسیا و دوژمنی مێژووی ئەمەریکا ناوبرد.
ڕوسیا وەک هێزێکی دیاری جیهان هاوکاری شۆڕشخوازەکانی ئۆکرانیا دەکات و لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا چەندین نمیاشی سەربازی ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سوریا هاوکارێکی سەرسەختی بەشار ئەسەدە لەدژی ئەو گروپانەی کە پێشتر ئەمەریکا هاوکاری دەکردن.
هەموو ئەم بابەتانە وادەکەن وەزیری بەرگری نوێی ئەمەریکا پرۆژەی خۆی و ئیدارەکەی هەبێت و لەگەڵ ڕوسیا یان هەماهەنگی بکات یان ناڕاستەوخۆ دژی بێت، کە ئەرکی هەموو ئەمانە دەکەوێت سەر شانی ژەنەڕاڵ جەیمز ماتس.