كاتی ئەوە هات لە سیاسەت دووربکەومەوە، جۆن کی سەرۆکی نیوزلەندا بەم وتەیەی بە شێوەیەکی کتوپڕ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
جۆن کی کە بنکەیەکی جەماوەریی فراوانی لەوڵاتەکەیدا هەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی خێرای نیە سەبارەت بە دواڕۆژى خۆى، بەڵام تا ماوەیەک لە پەرلەماندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی ئەنجام دەدرێت، وتیشی هۆکاری خێزانی لەپشت بڕیارەکەیەوە بووە.
بڕیارەکەی جۆن کی چاوەڕوان نەکراو بوو و وەک خۆشی ئاماژەی پێکردووە، ئەو بڕیارەی سەختترین بڕیاری بووە لە ژیانیدا و ناشزانێت دواتر چی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە کە باشترین کاتی هەڵبژاردووە تا دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.
جۆن کی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی نیوزلەندایە و پارتەکەى ٣ جار لەسەر یەک سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە و ماوەی ٨ ساڵە پۆستى سەرۆک وەزیرانی نیوزلەنداى گرتووەتە دەست، دەستبەکاربونیشى لەکاتێکدابوو کە ئابوری وڵاتەکەی لە دوای قەیرانی دارایی جیهانی و هەردوو بومەلەرزە وێرانکەرەکەی شاری کریسچیر لە دۆخێکى خراپدابوو.
لە کاردانەوەیەکیشدا میتێریا تورێی هاوسەرۆکی پارتی سەوزی بەریتانیا وتی "هەموو کاتێک دژی سیاسەتەکانی جۆک کی بووە بەڵام هەمیشە پشتگیری ئەو مافەیم کردووە کە باوکایەتی و هاوسەرایەتی کاری یەکەمی بێت.
بڕیاریشە پارتی نەتەوەیی لە ١٢ ی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی دیکە و سەرۆکی نوێ بۆ پارتەکەیان ئەنجام بدات.
لەلایەکى دیکەوە ماتیۆ ڕانزی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دوای ئەوەی پڕۆژەکەی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور لە ڕیفراندۆمێکدا لەلایەن هاوڵاتیانى وڵاتەکەیەوە ڕەتکرایەوە دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بەڵێنی دابوو کە ئەگەر پیشنیازەکانى بۆ هەموار کردنەوەى دەستورى ئیتاڵیا لە ڕیفراندۆمەکەدا پەسەند نەکرا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
لەو ڕیفراندۆمەدا ڕێژەی ٤٣% ى هاوڵاتیان پرۆژەکەى ڕانزییان بەدەڵ بوو، لەبەرامبەریشدا ٥٧% ى هاوڵاتیان ڕەتیانکردەوە.
ڕانزی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی تەواو دەخاتە ئەستۆی خۆی و ئاماژەی بەوەش کرد کاتی ئەوە هاتووە کەمپینی دەنگی نەخێر پرۆژە و پێشنیازی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت.
پڕۆژەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بریتی بوو لە چاکسازیکردن لە دەستوری ئیتاڵیا بەشێوەیەک ڕۆڵی ئەنجومەنی سیناتی ئیتاڵیا کەمبکرێتەوە و دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ بەرپرسانی هەرێمەکانی وڵاتەکەى.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند کە بۆ خولى دووەم خۆی بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا کاندید ناکاتەوە کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٧ دا هەڵبژاردنى بۆ بکرێت.
ئولاند ڕایگەیاند دەیەوێت دەرگا لەبەردەم کاندیدە چەپڕەوەکانی دیکەدا واڵابێت تا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
بەوەش فرانسوا ئۆلاند بوو بە یەکەم سەرۆکى وڵاتەکەى کە خۆى بۆ خولى دووەمى سەرۆکایەتى کاندید نەکاتەوە.
هاوشێوەی فەڕەنساش یواخیم گاوک سەرۆکی ئەڵمانیا کە بەپێی ڕاپرسییەکان چانسی زۆری هەیە دووەم خولی سەرۆکایەتی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێتەوە ڕایگەیاند، بەهۆی تەمەن و بەساڵاچوونەوە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کاندید ناکاتەوە، ئەو بڕیارەشى هاوڵاتیانی وڵاتەکەی تووشی شۆک کرد.
٥ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢٢:٥١
News ID: 796328
كاتی ئەوە هات لە سیاسەت دووربکەومەوە، جۆن کی سەرۆکی نیوزلەندا بەم وتەیەی بە شێوەیەکی کتوپڕ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.