٥ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٥:٤٠
 پێش دەستبەکاربوونی ترامپ موسڵ بەتەواوی کۆنترۆڵ دەبيێت

“ئاشتون کارتەر” رایگەیاندووە دەکرێت پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ کۆتایی بەشەری موسڵ بھێنرێت



ئۆپراسیۆنی موسڵ کە رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ دەستی پێکرد، پێی ناوەتە ھەفتەی حەوتەمییەوە، لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، پێشرەوییەکانی سوپای عێراق بەبەراورد بەھەفتەکانی رابردوو کەمێک سست بووە، بەڵام “ئاشتون کارتەر” وەزیری بەرگری ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە دەکرێت پێش ئەوەی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی داھاتوو دەستبەکار بێت ئۆپراسیۆنی موسڵ کۆتایی پێبێت.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: “ئاشتون کارتەر” رایگەیاندووە دەکرێت پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ کۆتایی بەشەری موسڵ بھێنرێت، کارتەر ھیچ وردەکارییەکی ئاشکرا نەکردووە لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت لەو ماوە کەمەی کە لەبەردەستدا ماوە پێش دەستبەکاربوونی “ترامپ” کۆتایی بەشەڕی موسڵ بھێنرێت.

سەرباری ئەو لێدوانە ئاشتون کارتەر رایگەیاندووە، کە شەڕی موسڵ شەرێکی قورسەو راشیگەیاندووە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادە کراون بۆ روبەرووبوونەوەی ھەر ئەگەرێک لەو شەرەدا.

نزیکەی ١٠٠ ھەزار ئەندامی سوپا و ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و چەکداری ھۆزەکان و بەشێک لەیەکە تایبەتییەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشداری لەشەری موسڵدا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شارە کە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ کەوتە دەست داعش، ھێزە عێراقییەکان لەبەرەی خۆرھەڵاتی موسڵ پێشرەوی باشیان کردووەو زیانی زۆریان بەداعش گەیاندووە بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا بەبەراورد بەھەفتەکانی رابردوو ئەو پێشڕەوییانە کەمێک سستبووە، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لەوبارەیەوە رایگەیاندووە کەماوەی چەند رۆژێکە بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بۆ سەر حەشارگەکانی داعش راگیراوە ھۆکارەکەشی بۆ خراپی کەشوھەوا گەراندۆتەوە کە بەھۆی بوونی ھەورو تەمەوە بۆردومانەکان راگیراون ئەوەش کاریگەری ھەبووە لەسەر پێشرەوییەکانی سوپای عێراق.