٢٧ تشرینی دووەم ٢٠١٦ - ١٥:٠٣
دیاردەی برسێتی لەناو شاری موسڵ

سەرباری بەردەوامی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ، بەڵام بەھۆی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لەبەرامبەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو رێگریانەی بەھۆی جەنگی رزگارکردنەوەی شارەکەوە بوونی ھەیە، دیاردەی برسێتی لەناو شاری موسڵ سەرھەڵداوە، برسێتی ھەڕەشە لە ھەزاران ھاوڵاتی دانیشتووی موسڵ دەکات،

دیاردەی برسێتی لەناو شاری موسڵ سەری ھەڵداوە

سەرباری بەردەوامی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ، بەڵام بەھۆی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لەبەرامبەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو رێگریانەی بەھۆی جەنگی رزگارکردنەوەی شارەکەوە بوونی ھەیە، دیاردەی برسێتی لەناو شاری موسڵ سەرھەڵداوە، برسێتی ھەڕەشە لە ھەزاران ھاوڵاتی دانیشتووی موسڵ دەکات، کەبەھۆی پەرەسەندنی زیاتری شەڕی رزگاکردنەوەی شارەکە، لەڕێگەی شەڕی کۆڵان بەکۆڵانەوە ناتوانن شارەکە بەجێبھێڵن، بۆماوەی مانگێک دەبێت رووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە.

پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینیکردبوو لەسەرەتای ھەفتەی یەکەمی دەستپێکی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ ٢٠٠ ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبھێڵن، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان ھەتا ئێستا کەمتر لەسێ یەکی ئەو ژمارەیەیە کە ئاوارەی ناوچەکان بوون، ھاوکات ئەوانەش کە لەئێستادا لەناو شارەکەدا ماوەنەتەوە، بەھۆی ڕووبەڕبوونەوەیان بە مەرگ نەیانتوانیوە لەوشارە ھەڵبێن.

شایەتحاڵەکانی ناو شاری موسڵ جەخت دەکەنەوە، کە بۆردوومانە ئاسمانییەکان بۆسەر شارەکە بەردەوامی ھەیە، تەزووی کارەبا و ئاوی خواردنەوە نیەو ھۆیەکانی گەرمکردنەوە لەم وەرزی سەرمایەدا زۆر کەمیکردووە.

سەبارەت بە ھەوڵی رێکخراوە مرۆییەکان، بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان بەناوچە رزگارکراوەکان قورس بووە، چونکە بەھۆی پەرەسەندنی شەڕو پێکدادانەکانەوە گەیاندنی ئەو ھاوکارییانە ھێندەی تر ئەستەم بووە، لەو روەشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، توانیویانە ھاوکاری مرۆیی بگەیەننە دەستی ٣٧ ھەزار کەس لە خۆرھەڵاتی شاری موسڵ.

لەلایەکی ترەوە “ئینگەر ماری فینیز” وتەبێژ بەناوی رێکخراوی خۆراکی جیھانی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، رەوشی ئاسایش و تێپەڕبوونیان بەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە ئاڵەنگارییەکی گەورەن کە بیانەوێ ئەنجامی بدەن، ئەوەش بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی گەورە بۆیان، لەبەرئەوەی ئەوان ئاگادارن کە دانیشتوانی ئەو ناوچانە پێویستی زۆریان بە ھاوکاری مرۆیی ھەیە.