به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا :بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەپرێس کۆنفرانسەکەی لەگەڵ پەیامنێران لەبارەی دوا پێوشوێن گرتنەکانی کارەساتی مینا، وتی: لیژنەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێکهاتووە کە بەهاوکاری گشت دەم و دەزگەکان، لەئاستی جیهانی و مافەوانیدا، پرسەکە پێوشوێن دەگرێ.
قاسمی هەروەها دەسنیشانکرانی پەیامنێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری ئێرانی، بە چەشنێک کەڵک وەرگرتنی ئامرازانەو جۆرێک هەنگاونانی سیاسییانە زانی و وتی: پەیامنێرێک کە بەئیمزای وڵاتێکی لایەنگری تیرۆریستانی وەک عەرەبستانی سەعوودی، دیاری دەکرێ، تەنزێکی مێژوویی و گاڵتەپێکردن بە مافی مرۆڤە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: بەداخەوە بەهۆی زانیاریی هەڵەی هەندێ دامەزراوەو ڕێکخراوەو خرانەڕووی ڕاپۆرگەلێکی ناڕاست کە بڵاوکرایەوە، لە بارودۆخێکدا پەیامنێری تایبەت بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران دەسنیشان کراوە کە ئەو کارە، هەوڵێکی هەڵەو قەبووڵ نەکراوە.
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە دەستتێوەردانی بیانییەکان، پرسەکەی ئاڵۆزتر کردووە، هیوای خواست؛ لە داهاتووی نزیکدا ڕێگاچارەیەکی قەبووڵکراو و بەقازانجی خەڵکی سووریاو ناوچە بدۆزرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامدانەوە بە گیرانی کەسێک بەناسنامەی ئێرانی-ئەمریکی بەناوی"رامین شاهین" و بانگەشەی داوای ئەمریکا بۆ ڕزگارکرانی، وتی: لەوبارەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستان نەکراوە.
قاسمی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و فەرانسەش وتی: سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرانسە لەسەر بانگهێشتنی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئەمشەو دەگاتە ئێران و لەماوەی مانەوەی لەتاران، لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و گشت بەرپرسانی ئێرانی دیدار و وتووێژ دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە پشت ڕاست کردنەوەی سەفەری حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڤێنزۆئێلا وتی: سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی بزووتنەوە بێلایەنەکان و سپاردنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەو بزووتنەوە بە ڤێنزۆئێلا، سەردانی کاراکاس دەکات.
قاسمی لەبارەی تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی لەناوچەش، وتی: هەڵویستەکانی رژیمی زایۆنیستی لەناوچەدا ڕوون و ئاشکرایەو ئەو رژیمە، هەر دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ لەگوشارنانی خەڵکی فەلەستین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمەڕ پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیاش وتی: تاران-مۆسکۆ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەتایبەت لە سووریا، هەڵوێستیان لێک نزیکەو لەبواری سەربازیشدا، دوو وڵات هاوکاری شیاویان پێکەوە هەیە.
قاسمی سەبارەت بە دیاریکرانی باڵوێزی نوێی ئێران لە ئینگلیز و پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان، وتی: پێوشوێن گرتنی پەرەی پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەنێوان ئێران و ئینگلیز بەمانای چارەسەریی هەموو گیروگرفتەکان نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دیاریکرانی باڵوێزی ئێران لە وڵاتی عوممانیش وتی: پرسی دیاریکرانی باڵوێزی نوێی ئێران لە عوممان، خەریکە تاووتوێ دەکرێ...
کۆتایی کورتە نامە/310
٥ ئەیلوول ٢٠١٦ - ١٥:٥٨
News ID: 777053
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتی: پێوشوێن گرتنی مافەوانیی کارەساتەکەی مینا لەئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە.