٢٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٥١
Source: Mehrnews
دانوستانی باش لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی نەوت و پارەی بلۆکەی ئێران کراوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی بورگنستۆک وتی: بۆچوونی شاندی ئێران ئەوەیە کە دەبێ لایەنی بەرامبەر ناچار بکەین ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: وتووێژ سەبارەت بەو بڕگانەی کە ماونەتەوە کە پێویستن بۆ دەستپێکردنی دانوستانی کۆتایی ئەنجام درا.

ناوبراو زیادی کرد: دەرکردنی مۆڵەتی پێویست بۆ فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی سەروەت و سامانی ئێران تاوتوێ کرا و پێشکەوتنی باشیش بەدی کرا.

بەقایی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: میکانیزمێکیش سەبارەت بە تێپەڕینی سەلامەتی کەشتییەکان بەناو گەرووی هورمزدا دانرا، کە ئەمەش گرنگە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "بە جۆرێک ڕۆژێکی زۆر درێژمان بەسەر برد. کۆبوونەوەکان لە بەیانی یەکشەممە دەستیان پێکرد، لە کاتی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیدا بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێز لە ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە، ئەمەش وایکرد ئێران ڕایبگەیەنێت کە ئامادە نییە لە هەلومەرجێکی وادا درێژە بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بدات".
هەر لەو پێوەندییەدا قەتەر و پاکستان هەوڵیان دا گفتوگۆکان بەردەوام بن و ئێمەش وتمان کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نابێت.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکان و پێش ئەوەش نیگەرانیمان سەبارەت بە پێشێلکردنی بەڵێنی لایەنی بەرامبەر دەربڕی. بە تایبەت سەبارەت بە بەردەوامی پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی.
لەم ڕووەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئاشتی، میکانیزمێکی نوێ بە ئامادەبوونی ناوبژیوانان بۆ چاودێریکردنی کۆتایی هاتنی شەڕ و وەستانی شەڕ لە لوبنان پێکهێنرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بۆچوونی شاندی ئێران ئەوەیە کە دەبێت لایەنی بەرامبەر ناچار بکەین بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەم قۆناغەدا کارەکانی شاندی دانوستانکار کۆتایی هاتووە، بەڵام سبەی تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان. هەروەها دەقێک لەلایەن هەردوو نێوەندگیری قەتەر و پاکستانەوە بڵاودەکرێتەوە. ئەم دەقە وەک بەڵگەنامەیەک لەو ڕێککەوتنانە دەناسێنرێت کە لە ماوەی ١٨ کاتژمێریدا ئەنجامدراون.

Your Comment

You are replying to: .
captcha