بەشی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنی ئەمدواییەی هێزی کوردی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق، بە کردەوە کۆتاییهێنەری خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو؛ ڕیککەوتنێک کە لە ژێر گوشاری سەربازیی هێزەکانی جۆلانی و لەسای پاشەکشێی داکۆکیگەرانەی ئەمریکا لە کوردەکان وەدی هات و داهاتووی پێکهاتەی سەربازی، سیاسی و بەتایبەت یەکینەکانی پاراستنی ژنانی کوردی بەرەوڕووی ئاڵۆزی کرد.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە مانگی ڕابردوو واژۆ کرا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) دەبێ کێڵگە نەوتییەکان، ڕێڕەوگە سنوورییەکان و فرۆکەخانەیەک ڕادەستی دەوڵەتی دیمەشق بکەن و هێزەکانیان لە چوارچێوەی چوار کەتیبەدا ئاوێتەی ئەرتەشی سووریا بکەن، کەچی لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژەیەک بە چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان وەک بەشێک لە پێکهاتەی هەسەدە کە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، ڕۆڵێکی گرینگی لە شکستی داعش لە 2019دا بوو، نەکراوە و ئەم بابەتە هەر لە ئێستاوە بۆتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان.
ئەوە لە کاتێکدایە کە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە دیمەشق و نزیکیی واشنتۆن لە دەوڵەتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، چیتر کوردەکانی ئەو وڵاتە، بێ پشتیوان ماونەتەوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تام باراکی ناردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە دیدارێک لەگەڵ مەزلووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە هەرێمی کوردستان، ڕاشکاوانە پێی وتووە کە ئەمریکا، تەنانەت گولەیەکیش لەپێناو کوردەکان، لە دژی دیمەشق ناتەقێنێتەوە.
شرۆڤەگەران لەوبارەیەوە دەڵێن کە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، لێکدانەووەی جیاوازی دوو لایەنی کوردی و دیمەشق لە چەمکی ئاوێتەبوونە. واتە دیمەشق، ئاوێتەبوون بە مانای تێکەڵاوبوونی یەکجاری لە پێکهاتەی دەوڵەت دەزانێ و لە بەرامبەردا، کوردەکان ئەو کارە بە هاوبەشی لە دەوڵەتی نوێ بە پاراستنی شوناس و یەکەمایەتیییە سیاسییەکانی خۆیان لێک دەدەنەوە. هەر بۆیە هێشتا پرسی خۆبەڕیوەبەری و پێگەی سیاسیی ژنان لە سیستەمی ئیداری کوردی گرینگترین خاڵی جێی ناکۆکین. لە کاتێکدا کە پێکهاتەی ئیداریی ناوچە کوردییەکان، بەپێی سیستەمی هاوسەرۆکی کە یەکیان ژنە، بەڕێوە دەچێت.
لە لایەکی ترەوە، گۆڕانکارییە سەربازییەکان پێگەی کوردەکانی لاواز کردووە. لە ژانڤیەدا، پاش چەند مانگ چەقبەستنی دانوستانەکان، هێزەکانی دەوڵەتی پاش هاوئاهەنگی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئۆپەراسیۆنی پێشڕەوییان دەست پێکرد و بە جیابوونەوەی لەناکاوی هێزە عەرەبەکان کە نیوەی هێزەکانی هەسەدە پێک دێنن، کوردەکان ناچار بوون بە کەمترین بەرگری و بەرخۆدان لە پارێزگاکانی ڕەقە و دیرەزور پاشەکشێ بکەن.
بەمجۆرە لە ڕێککەوتنی 30ی ژانڤیە و بە لە دەستدانی ناوچەگەلێکی بەربڵاو، بە کردەوە دوورنوێنی دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵ یان لامەرکەزی لە سووریا بۆ کوردەکان لەناو چوو. بە جۆڕیک کە هەندێک لە شرۆڤەگەران بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ خۆبواردن لە چاودێریی و دەستێوەردانی دۆخەکە، بە هۆکاری دیاریکەری ئەو ڕەوتە دەزانن.
بەوەشەوە، دیمەشق لە هەڵمەتێکی هێماییندا، فەرمانێکی لەبارەی مافی نیشتمانی کوردەکان دەکرد و بۆ یەکمجار دوای سەربەخۆیی سووریا لە ساڵی 1946دا، زمانی کوردیی بە فەرمی ناسی. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە نزیکەی 2 ملیۆن لە حەشیمەتی 20 ملیۆنیی سووریا، بۆ چەندین دەیە بەرەوڕووی تەنگەژەی فەرهەنگی و بایکۆتی سیاسیی هاتبوون.
کەچی کوردەکان، سەبارەت بە داهاتووی ئەم بڕیارەش نیگەرانن و نازانن بڕیارە دیمەشق لە داهاتوودا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ لایەنی ڕاهێنەری و پەروەردەی زمانی کوردی بکات. ئەمە سەرەڕای نیگەرانیی ژنانی کوردە کە هەست دەکەن دیمەشق نایەوێ پێگەی ئەوان بە فەرمی بزانێت.
سەرجەم، کوردەکانی سووریا کە لە درێژەی شەڕی ناوخۆیی 13 ساڵەدا توانیبوویان پێکهاتەیەکی نیوەئۆتۆنۆمیک دامەزرێنن، ئێستا بەرەوڕووی واقیعێکی نوێ بوونەتەوە: گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی و داڕمانی خەونەکانی خۆبەڕێوەبەرییان.
هەواڵدەریی فەڕەنسا نووسی: کاتێک تام باراک بە فەرماندەی هەسەدەی ڕاگەیاند "ئەمریکا هیچ گولەیەک بۆ بەرگری لە کورد لە دژی دیمەشق ناتەقێنێتەوە"، مەبەستی یەکەمایەتیی پەیوەندی لەگەل دەوڵەتی نوێی سووریا بۆ واشنتۆن و پشتکردنی لە هاوپەیمانانی پێشووی بوو.
Your Comment