بەشی نێودەوڵەتی: وینستۆن چەرچیل لە گێرانەوەی زاڵی مێژووی ڕۆژئاوا بە سیاسەتوانێک ناوی هاتووە کە ڕۆڵێکی دیاریکەری لە وەستاندن و تێکشکاندنی فاشیزم لە ئەرووپادا گێڕاوە. بەڵام ئەم وێنا قارەمانانە، لە گۆشەنیگای خەڵکی عێراق بەتایبەت کوردەکان، وێنایەکی زۆر جیاوازی هەیە.
ڕوانگەی چەرچیل هەمبەر بە کوردەکان بەپێی لۆژیکی توندئاژۆیانە و داگیرکەرانەی ئیمپراتووری بیچمی گرتبوو؛ لای ئەو، کوردەکان نەک وەک خەڵکێکی خاوەن دۆز و ویستی سیاسیی ڕەوا، بەڵکوو وەک حەشێمەتێکی "گونجاوی ئیدارەکردن، کۆنتڕۆڵ و تەمبێکردن" وێنا کراون. ئەم ڕوانگەیە کە هەم لە یادداشتە تایبەتییەکانی چەرچیل و هەمیش لە سیاسەتی پراکتیکیی بەریتانیا لە عێراقی پاش شەڕی یەکەمی جیهانیدا ڕەنگی داوەتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی ناوی بێزراوی چەرچیل لە نەستی مێژوویی کوردەکانە.
تارێق عەلی، نووسەر و مێژوونووسی بەریتانی-پاکستانی لە کتێبی "وینستۆن چەرچیل؛ سەردەم و جەنایەتەکانی"، ئەم وێنە فەرمییەی نواندۆتەوە. تارق بەبپشتبەستن بە لێدوانەکان، بەڵگە فەرمییەکان و یادداشتەکانی چەرچیل، وەزیری شەڕ و سەرۆک کۆماری بەریتانیای دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە بنیاتنەری سەرەکیی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت لە دژی کوردەکان و عەرەبەکانی عێراق دەزانێ و دڵێ: چەرچیل لە پۆستی وەزیری شەڕ(1920) بە ئاشکرا داکۆکی لە بوردومانی خەڵکی مەدەنی دەکرد؛ ئەویش لە کاتێکدا کە کورد و عەرەب دژی پیلانەکانی لەندەن بۆ ئیدارەی عێراق ڕاپەریبوون. هەر لەو چوارچیوەیەدا، چەرچیل بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە، بە بەرتیلدان بە سەرۆک هۆزەکان، تۆکمەی گرووپگەلی هاوڕا و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە خۆجێیەکان، هەوڵی لاوازکردنی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتیی دەدا.
بەڵام ئەوی لەمناوە لە هەموو هەژێنترە، زمان و لۆژیکی چەرچیل بۆ بەکارهێنانی توندوتیژییە، ئەوکات کە دەڵێ: "من بە تەواو ماناوە لایەنگری بەکارهێنانی گازی ژاراوی دژی هۆزە دواکەوتووەکانم". دیارە ئەم ڕستەیە، تەنیا لێدوانێکی پەراوێزی نییە و بەشێکە لە باسێکی فەرمیی سیاسەتدانەریی لە ساڵانی 1919 تا 1920؛ ساڵێک کە بەریتانیا تێیدا بەدوای کۆنتڕۆڵی عێراق به کەمترین هێزی زەوینی و زۆرترین پشتبەستن بە هێزی ئاسمانی و تەکنۆلۆژیای نوێیە. ئینجا سەیرتر ئەوەیە کە چەرچێک لە یادداشتێکی لە 12ی مەی 1919دا ڕاشکاوانە وتوویەتی: "گاز دەبێتە هۆی ترس و تۆقان و خەڵکی ناچار لە پێڕەوی و فەرمانبردن دەکات".
ئەم هەڵوێستانەی چەرچیل، بەڵام بۆ کوردەکان نەک لێدوانێکی تیۆری، بەڵکوو ئەزموونێکی بەرهەست و خوێنینە. ئەویش لە ڕۆژانێکدا کە سەرکردە کوردەکان پاشا ساڵانی سەرەتایی شەڕی یەکەمی جیهانی، هاتنی بەریتانیایان بە هیوایەک بۆ سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی خۆیان دەزانی، و پاش کەمێک ئەو گەشبینییەیان خێرا داڕما و بۆیان دەرکەوت کە لەندەن هیچ حەزی لە پێکهێنانی دەوڵەتی کورد نییە.
هەر بۆیە شۆڕشەکانی 1919 و 1920ی شێخ مەحموود لە هاوێری سلێمانی، بە ئاوێتەیەک لە هێزی زەوینی، ئاسمانی و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی سەرکوت کرا و بەڵێنیی ئۆتۆنۆمیی کورد هیچکات وەدی نەهات. بڕیاری بەریتانیا کە چەرچیل تێیدا ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری بوو، لە کۆتاییدا بووە هۆی ئاوێتەبوونی ناوچە کوردییەکان لە پادشایی تازە دامەزراوەی عێراق؛ وڵاتێک کە بەپێی پڕۆژەی نیشتمانی عەرەبتەوەر داڕێژرابوو.
ڕوانینی سووکایەتیگەرانەی چەرچیل بۆ کوردەکان، بەشێک بووە لە جیهانبینیی بەربڵاوی ئەو هەمبەر بە خەڵکانی ناوچە کۆلۆنیالیەکان. ئەو بەگشتی بڕوای بە هێرارشییەتی نژادی هەبوو و لەساڵی 1937دا بەڵگەی هێنابۆوە کە کۆلۆنیال لە بنەڕەتدا بە مانای ستەم نییە، چونکە "نژادی بەهێزتر" شوێنی "نژادی لاواز"ی گرتووە.
ئەگەرچی لایەنگرانی چەرچیل پاساو دەهێننەوە کە گازی مەبەستی چەرچیل خەردل نەبووە و ڕەنگە مەبەستی گازی فرمێسکهێنەر بووبێت، یان ئەوەی کە ڕوانگەی نژادگەرانەی سەرچاوەی لە گوتاری زاڵی کەشی بورۆکراتکی ئیمپراتووریی ئەو سەردەمەی بەریتانیا وەرگرتووە، بەڵام ئەم بیانووانە ناتوانن نەستی کورد لەگەڵ ناوی ئەو کەسایەتییە و ئیمپراتوورییەکەی ئاشت بکەنەوە.
بۆ خەڵکانێک کە بوردومانی ئاسمانیان وەک ئامرازی "تەمبێکردن" ئەزموون کردووە و شوناسیان بە پەسنی "هۆزە ناشارستانییەکان" پێناسە کراوە، گێڕانەوەی فەرمیی چەرچیل هەمیشە هەڵگری نیوەیەکی تاریک و شاراوەیە و ئەم هەستە لە نامتمانەیی تەنانەت لە مێژووی هاوچەرخیشدا درێژەی هەیە؛ ئاوەها کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە کتێبی خۆی لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 2017، بەریتانیا بە هاوڕێی ڕواڵەتی و چاوپۆشیی لە گوشار و پیلانەکان دژی کورد تۆمەتبار کردووە.
Your Comment